رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی رێگەوبان و گەشەپێدانی شارەکانی ئێران رایگەیاند، ئاسمانی رۆژئاوا و نێوەڕاستی وڵاتەکەیان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا کراوەتەوە، بەڵام هێشتا گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی باکوور، باشوور و رۆژئاوای وڵاتەوە دەستیان پێنەکردووەتەوە.
رۆژی شەممە، 28-06-2025، مەجید ئەخاڤان، گوتەبێژی وەزارەتی رێگەوبان و گەشەپێدانی شارەکانی ئێران، لە راگەیێندراوێکدا کە لە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاند: "دوای کردنەوەی ئاسمانی رۆژهەڵاتی وڵات بەڕووی گەشتە نێوخۆیی، نێودەوڵەتی و ترانزێتەکاندا، ئاسمانی ناوەڕاست و رۆژئاواش بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا کرایەوە".
کردنەوەی ئاسمانەکە بەو واتایەیە کە فڕۆکەکان دەتوانن بەسەر ئاسمانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێراندا تێپەڕبن، بەڵام ناتوانن لە فڕۆکەخانەکانی ئەو ناوچانەدا بنیشنەوە.
گوتەبێژەکە گوتیشی، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی باکوور، باشوور و رۆژئاوای ئێرانەوە، بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی و فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تارانیشەوە، هێشتا راگیراون.
رۆژی 13ی حوزەیران، دوای هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران بە مووشەک و درۆن، جەنگێک لەنێوانیاندا هەڵگیرسا کە 12 رۆژی خایاند و دواتر بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەست راگەیێندرا.
لەکاتی جەنگەکەدا، ئاسمانی ئێران و ئیسرائیل داخرابوون. رۆژێک دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکە، ئاسمانی ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی ئێران کرانەوە.
مەجید ئەخاڤان داوای لە هاووڵاتییانیش کرد سەردانی فڕۆکەخانەکانی باکوور، باشوور و رۆژئاوای وڵات نەکەن و تەنیا لەڕێگەی سەرچاوە فەرمییەکانەوە زانیاری لەبارەی گەشتەکانەوە وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ