بە بڕیاری پزیشکیان ناسنامەی کوژراوانی ناڕەزاییەکان بڵاودەکرێتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران رایگەیاند، بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ناسنامەی کوژراوانی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانە بڵاو دەکرێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2026، مەهدی تەباتەبایی، بەرپرسی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، بە بڕیاری سەرۆککۆمار ناسنامەی هەموو کوژراوانی رووداوە دڵتەزێنەکانی ئەم دواییانە بە شێوەیەکی ئاشکرا بڵاو دەکرێتەوە.
 
تەباتەبایی باسی لەوەشکرد، "میکانیزمێکیش دانراوە بۆ بەدواداچوونی ورد و پشتڕاستکردنەوەی هەر زانیاری و لێدوانێکی ناکۆک. ئەم هەنگاوە وەڵامێکی روونە بۆ هەواڵی ساختە و ئاماری هەڵبەستراو."
 
خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر هەموو ئێرانی گرتەوە.
 
هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە تووندی رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
 
حکومەتی ئێران ئامارێکی بڵاوکردووە و دەڵێت، لە ناڕەزاییەکاندا سێ هەزار و 117 کەس کوژراون، کە بەشێکیان لە هێزە ئەمنییەکانن.
 
لەبەرامبەردا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماری جیاواز دەخەنەڕوو. ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کوژرانی شەش هەزار و 373 کەس پشتڕاستکراوەتەوە و بەدواداچوون بۆ پشتراستکردنەوە کوژرانی 17 هەزار و 91 کەسی دیکەش دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە