رووداو دیجیتاڵ
ئەورووپییەکان دەڵێن، هێشتا ئێران دەرفەتی هەیە خۆی لە سزا نێودەوڵەتییەکان رزگار بکات.
باربارا ودوارد، نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی رایگەیاند، پێشنیازەکەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنەوەی سزاكان، "هێشتا لەسەر مێزە."
ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە کە بە گرووپی E3 ناسراون، رۆژی پێنجشەممە میکانیزمی ناسراو بە "سناپباک،" واتە سەپاندنەوەی خێرای سزاکانیان کارا کرد بۆ ئەوەی ئەگەر ئێران لە 30 رۆژدا بە مەرجەکانی ئەوان رازی نەبێت، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەسەردا بسەپێننەوە.
سناپباک چییە؟
ساڵی 2015 ئێران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان رێککەوت کە سزا نێودەوڵەتییەکانی لەسەر هەڵبگرن، لە بەرامبەریشدا تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات، واتە نزمی بکاتەوە بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی و تاقیکردنەوەی پزیشکی.
میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان بەندێکی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015یە کە دەڵێت، ئەگەر هەر بەشداربوویەکی رێککەوتنەکە، واتە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، رووسیا، چین یان ئەڵمانیا، پێی وابوو ئێران رێککەوتنەکەی پێشێلکردووە، دەتوانێ ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی دوای 30 رۆژ لە ئاگادارکردنەوەکە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆکارانە بگەڕێندرێنەوە سەر ئێران.
بۆ سەپاندنەوەی سزاکان، پێویست بە دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایش ناکات، بۆیە چین و رووسیا کە هاوپەیمانی ئێران و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشن، ناتوانن بە ڤیتۆیان رێگری لێ بکەن.
ئێران چۆن دەتوانێت لێی رزگار بێت؟
تاکە رێگە بۆ رزگاربوونی ئێران لەو سزا بەرفراوانانە ئەوەیە کە لەو 30 رۆژەدا سێ وڵاتە ئەورووپییەکە رازی بکات میکانیزمەکە رابگرن و سزاکان بەسەریدا نەسەپێننەوە.
ئەگەر رازی بوون، ئەوا دەتوانن لە ئەنجوومەنی ئاسایش بە دەنگدان میکانیزمەکە بکشێننەوە و بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان بدەن.
هۆکاری کاراکردنی میکانیزمەکە ئەوەیە کە سێ وڵاتە ئەورووپییەکە پێیان وایە، ئێران پابەندی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 نەبووە، لەبەرئەوەی رێگە بە پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نادات سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی بکەن و یۆرانیۆمی بە ئاستێکی بەرز پیتاندووە کە نزیکە لە ئاستی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
ئێران بۆچی وای کرد؟
ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وڵاتەکەی لە رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 کشاندەوە و سزای بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
ئێرانیش، لە کاردانەوەی ئەوەدا، وردە وردە پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە هەڵوەشاندەوە. جەنگە دوازدە رۆژییەکەی حوزەیرانی ئەم ساڵیش، قوڕەکەی خەستتر کرد.
سزا نێودەوڵەتییەکان چین؟
هەموو ئەو سزایانەی بە گوێرەی رێککەتنەکەی ساڵی 2015 لەسەر ئێران هەڵوەشێنرابوونەوە، جارێکی دیکە بەسەریدا دەسەپێنرێنەوە ئەگەر لەگەڵ ئەورووپییەکان رێکنەکەوێت.
دیاترینیان ئەمانەن
گەمارۆی چەک: ناردنی هەموو چەکێکی پێشکەوتوو بۆ ئێران یان کڕینی لەو وڵاتە قەدەخە دەکرێ، لەنێویاندا مووشەک و تەکنەلۆجیای بەرهەمهێنانی مووشەک.
کۆتوبەندی زیاتری ئەتۆمی: قەدەخەکردنی هەموو چالاکییەکی پیتاندنی یۆرانیۆم، لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی ئەو مووشەکانەی توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.
سزادانی کەرتی بانکی و دارایی: سڕکردنی پارە و سامانی ئیران لە دەرەوە، قەدەخەکردنی گەشتکردن و مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئەو کەس و دامەزراوانەی پەیەوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێرانەوە هەیە.
کەمکردنەوەی بازارگانی: گواستنەوەی کەلوپەلی تەکنەلۆجی و چەندین کاڵای دیکە بۆ ئێران قەدەخە دەکرێ؛ چاودێری دەخرێتە سەر ئەو شتانەی لە رێگەی دەریا و ئاسمان و وشکانییەوە بۆ ئێران دەگوازرێنەوە.
پەراوێزخستنی زیاتری نێودەوڵەتی: سەپاندنەوەی سزاکان وا دەکات ئێران لە سیستمی دارایی و بانکی نێودەوڵەتی زیاتر داببڕێ و وەبەرهێنانی بیانی لەنێو ئەو وڵاتە کەمتر دەبێتەوە.
ئەورووپیەکان چی دەڵێن؟
ودوارد کە رۆژی هەینی شانبەشانی هاوتا ئەڵمانی و فەرەنسییەکەی لە بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک قسەی کرد، پێش کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر بابەتەکە گوتی: "لە مانگی تەممووزدا پێشنیازی درێژکردنەوەی میکانیزمی سناپباکمان پێشکێشی ئێران کرد، بە مەرجێک ئێران هەنگاوی دیاریکراو بنێت بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانییە هەرە بەپەلەکانمان."
بەڵام تاران ئەو پێشنیازەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەورووپییەکان مافی سەپاندنەوەی ئەو سزایانەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان نییە.
نوێنەرەکەی بەریتانیا گوتیشی، "تاوەکو ئەمڕۆ، ئێران هیچ نیشانەیەکی دەرنەخستووە کە جیدی بێت لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان."
هەروەها گوتی، "ئێران پابەندییەکانی بۆ هاوکاریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جێبەجێ ناکات. هەروەها نەچووەتەوە نێو دانوستاندنەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."
بەڵام ودوارد جەختی کردەوە کە کاراکردنی میکانیزمی سناپباک "کۆتایی دیپلۆماسی نییە. پێشنیازی درێژکردنەوەکەمان هێشتا لەسەر مێزە."
گوتیشی، "داوا لە ئێران دەکەین پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکەی بکات، لەسەر بنەمای پێشنیازەکەمان بگاتە رێککەوتنێک و یارمەتیدەر بێت بۆ کردنەوەی دەرفەتێک بۆ چارەسەرێکی دیپلۆماسیی درێژخایەن بۆ ئەم پرسە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ