رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی عەرەبی - ئێرانی رایدەگەیێنێت، جگە لە ئیسرائیل هیچ کەسێکی دیکە نییە بتوانێت ئۆپەراسیۆنی کوشتنی موحسین فەخریزادە ئەنجامبدات، پێشتر ئیسرائیل ئەوەی سەلماندبوو کە بەردەوام لەنێو دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێرانە، ئەوان کە بتوانن بچنە نێو نهێنیترین دەزگای سوپای پاسدارانەوە و 50 هەزار بەڵگەنامە ببەن، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە کە ئیسرائیل هەر لە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تاوەکو سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتەدا دەستی هەیە.
" کوشتنی فەخریزادە لە فیلمی جەیمس بۆند دەچێت"
د. عەلیڕەزا نووریزادە، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی عەرەبی - ئێرانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کوشتنی موحسین فەخریزادە وەکو فیلمی جەیمس بۆند وایە، دوای ئەوەی ئیسرائیل زانیاریی تەواوی لەبارەی زانا ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەستکەوتووە، دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی کاژێر 02:10 خولەک ئۆتۆمبێلێک خۆی بە ئۆتۆمبێلی فەخری زادەدا تەقاندووەتەوە و دواتر چوار کەس لە چوار گۆشەی جیاوازەوە تەقەیان لە زانا ئەتۆمییەکە کردووە کە جگە لە خۆی دوو کەسی دیکەی لەگەڵ بووە.
نووریزادە ئاشکرایکرد، ئێران بە کوشتنی فەخری زادە تووشی شۆک بووە، عەلی خامنەیی دوای نۆ هەفتە لە وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی ئێران گەڕاوەتەوە و لەخانووەکەی خۆی نیشتەجێ بووە، هاوکات "حەسەن رووحانیش لە ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە دەترسێت".
"کوشتنی فەخریزادە کاریگەریی لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران نابێت"
سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی عەرەبی - ئێرانی پێی وایە، کوشتنی فەخریزادە شتێکی ئاسایی نییە، لە رووی پرۆگرامی ئەتۆمییەوە کاریگەری ئەوتۆی نابێت، بەڵام پەیامێکی روونە بۆ ئێران کە بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکات بە 10 خولەک ئیسرائیل لەنێو دەبات، کەچی ئیسرائیل لەنێو ماڵی ئێران گەورەترین زانای ئەتۆمی دەکوژێت.
"کوشتنی فەخری زادە بە هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ ئەمریکا"
سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی عەرەبی-ئێرانی باسی رۆڵی ئەمریکا لە پرۆسەی کوشتنی فەخری زادە دەکات و دەڵێت، هاوئاهەنگی تەواو لەنێوان واشنتن و تێل ئەڤیڤ هەیە، ئیسرائیل هیچ هێرشێک ناکات ئەگەر راوێژ و رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا نەکات، بۆیە کوشتنی فەخری زادە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیە و بە هاوئاهەنگی نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بەفەرمی پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە کوشتنی فەخریزادە لەلایەن ئەو وڵاتەوە کرابێت. ئەمریکاش بێدەنگە لەبەرامبەر کەیسەکە، بەڵام ئێران هەڕەشەی "تۆڵەسەندنەوەی بەزەبر" لە ئیسرائیل دەکات.
"جۆ بایدن تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی قاسم سولەیمانی دانانێت"
د. عەلیڕەزا نووریزادە باسی هەڵوێستی جۆ بایدنیشی بەرامبەر ئێران کرد. گوتی، ئەو کەسانەی پێیان وایە جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەبێتە دۆستی ئێران و تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی قاسم سولەیمانی دادەنێت بەهەڵەداچوون، بایدن پێشتر پشتیوانیی خۆی بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی دەربڕیوە. "ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی بایدندا بەشێوەیەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکات، بەڵام دەستبەرداری هەموو بڕیارەکانی نابێت دژی ئێران، پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی واشنتن دژی تاران کاتی زۆری دەوێت و بایدن فریای ئەوە ناکەوێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ