رووداو دیجیتاڵ
هەر یەک لە وەزیرانى دەرەوە، نەوتى عێراق و راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی و چەند بەرپرسێکى دیکە یاوەرى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران دەکەن بۆ کۆمارى ئیسلامیى ئێران، کە بڕیارە جگە لە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، لەگەڵ عەلى خامنەیی رێبەرى باڵاش کۆببێتەوە.
نووسینگەى رۆژنامەڤانى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، سەردانى محەممەد شیاع سوودانى لەسەر بانگهێشتنامەى ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆککۆمارى ئێرانە لەو سەردانەدا چەند بەرپرسێکى باڵاى عێراق یاوەریى دەکەن کە پێکهاتوون لە فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە، حیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت، قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی، هەروەها راوێژکارى ئابووری و بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیران و بەڕێوەبەرى بانکى بازرگانیی عێراق.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە جگە لە ئیبراهیم رەئیسى، محەممەد شیاع سوودانى لەگەڵ عەلى خامنەیی، رێبەرى ئێران کۆدەبێتەوە.
رۆژی 29ى تشرینى دووەمى 2022 محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەلایەن سەرۆککۆمارى ئەو وڵاتەوە پێشوازى لێکرا.
محەممەد جەمشیدی، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆککۆمارى ئێران بۆ کاروبارى سیاسى بە ئاژانسى دەنگوباسی ئیرناى راگەیاندووە، لەو سەردانەدا سوودانى یاداشتنامەیەک بۆ پەرەپێدانى هاریکارى نێوان تاران و بەغدا لەگەڵ بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران واژۆ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ