رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای ئێران هەڕەشەی کرد کە ئەگەر هێرش بکرێتەسەر وڵاتەکەیان، دەستبەجێ بنکە سەربازییەکان و کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج. ئەمەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا کە "کات لەبەردەم تاران نەماوە" و یەکێتیی ئەورووپاش سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد گفتوگۆی ئەتۆمی بکرێت بۆ ئەوەی "کارەساتێک روونەدات کە ناوچەکە وێران بکات".
محەممەد ئەکرەمینیا، گوتەبێژی سوپای ئێران گوتی: "وەڵامی ئێمە بۆ هەر هێرشێکی ئەمریکا سنوردار نابێت و دەستبەجێ دەبێت."
گوتیشی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا خاڵی لاوازیان هەیە و زۆربەی بنکەکانی ئەمریکاش لە بازناەی مەودای مووشەکەکانی ئێراندان.
ئەکرەمینیا هۆشداریدا و گوتی: "ئەگەر ئەمریکییەکان تووشی هەڵەیەکی وا لە لێکدانەوەکان ببن، بەدڵنیاییەوە دۆخەکە بەو شێوەیە نابێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وێنای دەکات، کە ئۆپەراسیۆنێکی خێرا بکات و دوای دوو کاژێر تویت بکات و بڵێت ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هات."
ترسی وڵاتانی ناوچەکە
بەرپرسێک لە وڵاتانی کەنداو دەڵێت ترسیان هەیە ئەمریکا هێرش بکات و ئەمەش ناوچەکە تێکدەدات و نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە. شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
یەکێتیی ئەورووپا بە تۆمەتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە.
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتی: "رژێمێک بە خوێن وەڵامی خۆپیشاندەری خۆی بداتەوە، تیرۆریستە." ئێران ئەم بڕیارەی بە "نابەجێ" ناوبرد.
لە تاران خەڵک بێهیوان. ژنێکی گەنج دەڵێت: "وا هەست دەکەم شەڕ روودەدات، دۆخی ژیانمان زۆر خراپە."
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا زیاتر لە 6 هەزار و 300 کەس کوژراون. حکومەتی ئێران دان بە کوژرانی سێ هەزار کەسدا دەنێت، بەڵام دەڵێت زۆربەیان هێزە ئەمنییەکان بوون یان لەلایەن "ئاژاوەگێڕان"ەوە کوژراون.
ترەمپ دەڵێت کات خەریکە تەواو دەبێت بۆ ئەوەی ئێران رێککەوتن بکات و هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە "ئامادەن" بۆ لێدان لە ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ