تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی پۆلیسی مەشهەد روویدا و دوو پۆلیس کوژران

30-03-2025
پەیام محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بنکەیەکی پۆلیسی شاری مەشهەدی ئێران تەقینەوەیەک روویدا بەهۆیەوە دوو پۆلیس کوژران، ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی خوڕاسان دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی بڕێکی زۆر یاریی ئاگرین بووە، کە پێشتر دەستی بەسەردا گیرابوو. 
 
رۆژی یەکشەممە، 30-03-2025، لەنێو بنکەیەکی پۆلیسی شاری مەشهەدی سەر بە پارێزگای خوڕاسانی رەزەویی ئێران، تەقینەوەیەک روویدا کە بەهۆیەوە سێ لە ئەندامانی پۆلیس و کەسێکی مەدەنی بە سەختی بریندار بوون.
 
هەر چوار بریندارەکە گەیێندرانە نەخۆشخانە، بەڵام ناوەندی راگەیاندنی پۆلیسی خوڕاسانی رەزەوی لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە دوو لە ئەندامانی پۆلیسی سەر بە بنکەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیانەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، رووداوەکە بەهۆی تەقینەوەی ئەو یارییە ئاگرینانە روویداوە، کە تیمەکانی پۆلیس لە رۆژانی جەژنی نەورۆز و چوارشەممە سووریدا، دەستیان بەسەردا گرتوون و لە بنکەکە راگیرابوون.
 
پۆلیسی شارەکە یان بەرپرسانی حکومی زانیاریی زیاتریان لەسەر رووداوەکە نەخستووەتەڕوو. لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی خوڕاسانی رەزەویدا ئەوەش هاتووە کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
 
جەعفەر میعادفەر، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای ئێران رۆژی چوارشەممە 13-3-2024 رایگەیاند، لە رووداوەکانی پەیوەندیدار بە چوارشەممە سووری لەو وڵاتەدا، 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و 253 کەسیش بریندار بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆپێشاندانەکانی ئێران.

رێکخراوێک: لە خۆپێشاندانەکانی ئێران کوژرانی 6713 کەس پشتڕاست کراوەتەوە

ئاژانسێکی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ ئامارێکی نوێ لەبارەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، کوژرانی شەش هەزار و 713 کەس بە بەڵگەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە 137ـیان منداڵن. هەروەها زیاتر لە 49 هەزار کەسیش دەستگیر کراون.