پەرلەمانی ئێران متمانەی لە وەزیری پیشەسازی و بازرگانی وەرگرتەوە

30-04-2023
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ متمانەی لە وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئەو وڵاتە وەرگرتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانیش بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێلی بەرهەمی نێوخۆ بووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30-04-2023 پەرلەمانی ئێران لەبارەی وەرگرتنەوەی متمانە لە رەزا فاتمی ئەمین، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و دوای قسەکردنی سەرۆککۆمار، وەزیری پیشەسازی و ژمارەیەک پەرلەمانتار، پەرلەمانتاران دەنگیان بە وەرگرتنەوەی متمانە لە رەزا فاتمی ئەمین دا.
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە 272 پەرلەمانتار کە ئامادەی کۆبوونەوەکەن، 162 پەرلەمانتار دەنگیان بە وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری پیشەسازی دا و 102 پەرلەمانتاریش بە دژ دەنگیان دا. هەروەها دەنگی دوو پەرلەمانتار بێلایەن بوو و دەنگی شەش پەرلەمانتاریش پووچەڵ بوو.
 
سەرەکیترین رەخنەی پەرلەمانتاران لە وەزیری پیشەسازیی ئەو وڵاتە، بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێلی بەرهەمی نێوخۆی ئەو وڵاتە بوو.
 
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە پەرلەمان ئامادە بوو و داوای لە پەرلەمانتاران کرد، جارێکی دیکە متمانە بە وەزیری پیشەسازیی ئەو وڵاتە بدەنەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی حکومەت لە بواری پیشەسازی و بازرگانی و گوتی رەزا فاتمی ئەمین، کەسێکی دەستپاکە و دژی گەندەڵییە، هەوڵی دابەزاندنی نرخی ئۆتۆمبێل دەدات، بەڵام پەرلەمانتاران متمانەیان لێوەرگرتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەحمەدڕەزا رادان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران.

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران: تەنیا فەرمانەکانی رێبەری باڵا جێبەجێ دەکەین

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران هۆشداری دەداتە خەڵک و بەرپرسانی ئێران کە رێگە نەدەن لە دۆخی جەنگدا تووشی دووبەرەکی بن. دەشڵێت، لە 40 رۆژ جەنگدا ئەمریکا و ئیسرائیل بە لێدان لە تاوەرەکانی چاودێریی سەر سنوور هەوڵیان داوە رێگە بۆ ئۆپۆزیسیۆن بکەنەوە، بێنە نێو خاکی ئێران.