عەلی لاریجانی بۆ جاری دووەم تووشی کۆرۆنا بوو

30-07-2020
فواد حەقیقی
نیشانەکردن عەلی لاریجانی کۆرۆنا ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران، بۆ جاری دووەم  تووشی کۆرۆنا بوو، ئێستا لە نەخۆشخانە خەوێنراوە.
 
بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکانی هەواڵی لە ئێران، دوای ئەوەی کە عەلی لاریجانی نیشانەکانی تووشبوون بە کۆرۆنای لێدەرکەوتووەتەوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران خەوێنراوە.
 
دەگوترێ رەوشی تەندروستی عەلی لاریجانی باشە و لەژێر چاودێر پزیشکەکاندا وردە وردە باشتر دەبێت. عەلی لاریجانی مانگی نیسانی ئەمساڵ، کە هێشتا سەرۆکی پەرلەمان بوو، تووشی کۆرۆنا بوو و ماوەیەک لە کەرەنتینەدا بوو.
 
عەلی لاریجانی ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئەو پێشتر بەرپرسایەتی دیکەشی هەبووە، لەوانە سەرۆکایەتی رێکخراوی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران (سەدا و سیما)، سکرتێریی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران. هەروەها لە سەردەمی کابینەکەی هاشمی رەفسنجانیدا، وەزیری فەرهەنگ و ئیرشاد بووە.
 
تاوەکوو ئێستا ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئێرانی تووشی کۆرۆنا بوون. لەوانە عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکومەتی حەسەن رووحانی، ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە کەرەنتین کراوە.
 
هەروەها ژمارەیەک لە نوێنەرانی خولەکانی پێشوو و ئێستای پەرلەمانیش تووشی کۆرۆنا بوون و چەند کەسێکیشیان گیانیان لە دەستداوە.
 
ئیرەج حەریرچی، جێگری وەزارەتی تەندروستیی ئێران یەکێک لەو یەکەم بەرپرسانەی ئێران بوو کە کۆرۆنای گرت و چاکبووەوە. ئەو رەوشی کۆرۆنای لە ئێران بە زۆر مەترسیدار ناوبرد.
 
حەریرچی گوتی: "تاران سەرچاوەی ناردنی ڤایرۆسی کۆرۆنایە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران.  لە هەر 14 تووشبووی کۆرۆنا لە تاران، کەسێکیان گیان لە دەستدەدات. ئێستا لە پارێزگای تاران، 710 کەس کە رەوشیان ناجێگیرە لە نەخۆشخانە خەوێنراون. 
 
بە گوتەی حەریرچی کۆرۆنا هەڕەشە لە 72 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئێران دەکات.
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران تائێستا 298 هەزار و 909 کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 259 هەزار و 116 کەس چاکبوونەتەوە. 16 هەزار و 343 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە