رووداو دیجیتاڵ
هادی حەیدەریان، رۆژنامەڤان و کاریکاتێریستی ئێرانی، ئەمڕۆ کاریکاتێرێکی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە کە لەسەر ئاستی فەرمیش کاردانەوەی لێکەوتەوە.
هادی حەیدەریان لە پۆستەکەیدا لە ئێکس ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە کاردانەوەی ئامادەکردن و ناردنی پرۆژەیاسای 'بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست' بۆ پەرلەمان و وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئەو پرۆژەیاسایە، کاریکاتێرەکەی پزیشکیانی بڵاوکردووەتەوە.
لە کاریکاتێرەکەدا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە سەر پشتی گوێدرێژێکە کە بە فارسی وشەی وفاق (هاودەنگی) لەسەر جەستەی گوێدرێژێکە نووسراوە، وەکو ئاماژەیەک بە دروشمی حکومەتی پزیشکیان، بەڵام شێوازی سواربوونی پێچەوانەی ئاراستەی رۆیشتنی گوێدرێژەکەیە و قامچییەکیشی بەدەستەوەیە.
پزیشکیان لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە وەکو سەرۆککۆماری ئێران، داوای هاودەنگی و یەکڕیزی هەموو لایەنە ناکۆکەکانی نێو ئێران لە لایەک و خەڵک و حکومەت لە لایەکی دیکە دەکات و بانگەوازی ئەوە دەکات، ئەگەر هەموویان پابەندی ئەو هاودەنگییە و یەکڕیزییە بن، دەتوانن هەموو کێشەکانی وڵات چارەسەر بکەن.
کاریکاتێرەکەی پزیشکیان، هەر زوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانی تەنی و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
بەشێک لە میدیا ریفۆرمخوازەکان، کاریکاتیرەکەیان وەکو سووکایەتی و بێڕێزیی بەرامبەر مەسعود پزیشکیان و لایەنگرەکانی لێکداوەتەوە.
یانەی رۆژنامەڤانانی ئێران لەوبارەوە نووسی، "بەراوردکردنی گوتاری وفاق و لایەنگرانی بە کەرێک (ئاژەڵێک کە لە ئەدەبیاتی جەماوەریدا بە هێمای نەزانی و گەمژەیی دادەنرێت)، نەک هەر دوورە لە دادپەروەری، بەڵکو بە بێڕەوشتییەکی روون لە بواری رەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دادەنرێت. رەخنە، ئەگەر بێباکانە و تووندیش بێت، نابێت سنووری شەرەف و رێز ببەزێنێت."
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێک لە ئازەرییەکانی ئێرانیش کە دووەم پێکهاتەی ئێرانن لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە، بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکە، وەکو بێرێزی بە خۆیان دەبینن.
لە بەرامبەریشدا، ژمارەیەک لە رۆژنامەڤان و کاریکاتێریستی ئێرانی پشتگیریان بۆ هادی حەیدەریان، خاوەنی کاریکاتێرەکەی پزیشکیان دەربڕی.
ئیسماعیل ئەمینی، نووسەر و تەنزنووسی ئێرانی کە بۆ گۆڤاری بەناوبانگی گوڵ ئاقا تەنز دەنووسێت، بەرگری لە هادی حەیدەریانی کاریکاتێریست دەکات و دەڵێت، "نازانم چۆن دەتوانن بڵێن ئەو شتە تاوانە، بە هیچ شێوەیەک دادپەروەرانە نییە. پێویستە روانگەیەکی میهرەبانانەیان هەبێت."
بە گوتەی ئەمینی، مەبەست لە کاریکاتێرەکە ئەوەیە کە کارەکە بە پێچەوانە بەڕێوەدەچێت، وەکو ئەوەی لە چیرۆکەکانی تایبەت بە مەلا نەسرەدین دا هەیە.
عەباس تۆفیق، کاریکاتێریستی بەناوبانگی ئێرانی و سەرنووسەری گۆڤاری تۆفیق دەڵێت، "کوێی ئەم کاریکاتێرە سووکایەتییە؟ لە جیهانی ئەمڕۆدا، لە جیهانی شارستانیدا، نەک هەر گاڵتەرجاڕییە سکاڵا لەسەر کاریکاتێریستێک تۆمار بکەیت، بەڵکو سەرۆکەکان رێزیان لێدەگرن و خەڵاتیان دەکەن."
دوای ئەوەی کاریکاتێرەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە هادی حەیدەریان، ئەو کەسەی کاریکاتێرەکەی پزیشکیانی کێشابوو، داوای لێبوردنی کرد و کارێکاتێرەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سڕییەوە.
هادی حەیدەریان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دوێنی کارتۆنێک لە لایەن منەوە بڵاوکرایەوە، وەک رەخنەیەک لە بەرامبەر پرۆژەیاسایەک کە بەمدواییە لە لایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان نێردرا. بەداخەوە ئەمە لەلایەن هەندێک کەسەوە بە هەڵە و پێچەوای مەبەستی کارێکاتێرەکە لێکدراوەتەوە و ئەمەش زەمینەی خراپ بەکارهێنانی رەخساند."
لە لایەکی دیکەوە، داواکاریی گشتیی تاران رۆژی سێشەممە، 29ی تەمموزی 2025 رایگەیاند، لە دادگە لە دژی هادی حەیدەریان، رۆژنامەڤان و خاوەنی کاریکاتێرەکە دۆسیەیەک کراوەتەوە و بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە مەسعود پزیشکیان سکاڵایان تۆمار کردووە.
دوای راگەیێندراوەکەی داواکاریی گشتیی تاران، مەسعود پزیشکیان رەتیکردەوە کە هیچ سکاڵایەکی لەسەر هادی حەیدەریان، رۆژنامەڤان و کاریکاتێریستەکە هەبێت.
عەلی ئەحمەدنیا، سەرۆکی کاروباری راگەیاندنی ئەنجوومەنی راگەیاندنی حکومەتی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "سەرۆککۆمار پزیشکیان لە کاردانەوە بە کاریکاتێرێک کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەبارەی بەڕێزیان بڵاوکرابوویەوە، ئەمڕۆ گوتیان، هیچ سکاڵایەکم لەسەر کاریکاتێریستەکە نییە."
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، حکومەتی ئێران بڕیاریدا پرۆژەیاسای بەڕەنگاربوونەوەی هەواڵی نادروست لە پەرلەمان بکێشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ