رووداو دیجیتاڵ
مارک ساڤایا، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، 18 خاڵ دیاریدەکات کە بە گوتەی خۆی، لە ساڵی 2026 هەوڵی کۆتاییپێهێنانیان لە عێراق دەدات، لەوانە "میلیشیا"، دەستوەردانی دەرەکی و بەقاچاخبردن.
ئەو 18 خاڵەی مارک ساڤایا لە پەیامێکدا خستوویەتییەڕوو کە لە 1ـی کانوونی دووەمی 2026 بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە بڵاویکردەوە.
نوێنەرەکەی ترەمپ بۆ عێراق پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق کردووە بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ و دەڵێت: "ساڵی نوێ دەرفەتی باشتر، سەقامگیری و ئاییندەیەکی رۆشن بۆ هەموو عێراقییەکان لەگەڵ خۆی دەهێنێت و بەگوێرەی یاسا و دەستوور کار لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەین بۆ فەراهەمکردنی ئاییندەیەکی رۆشن بۆ عێراق و عێراقییەکان."
لەو پەیامەدا مارک ساڤایا ئاماژەی بەوە داوە، کار دەکات بۆ ئەوەی ساڵی 2026 ببێتە ساڵی کۆتاییهێنان بە 18 دۆخ و پرس کە بریتین لە ناسەقامگیری، چەکی لەدەستدەرچوو، میلیشیا، گرژیی نێوخۆیی، دەستوەردانی دەرەکی، گەندەڵی، بردنی سامانی وڵات، بەقاچاخبردن، شوشتنەوەى پارە، گرێبەستی وەهمی، پارەبردن، فێڵکردن لە یاسا، کەمیی خزمەتگوزاری، بێکاری، دواکەوتوویی، هەژاری، نایەکسانی و ستەم.
مارک ساڤایا دەڵێت: "ئەم دۆخانە ئاسەواری ئەو کەسانەیە کە گەندەڵییان لەسەر خاکی عێراق بڵاوکردووەتەوە" و پێیان دەڵێ "کاتتان کۆتاییهات و کاتی عێراق و عێراقییەکان دەستی پێکرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ