دوای کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، گرووپە چەکدارە شیعەکان بڵاوکراوەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رادەگرن

01-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەناڵی تەلەگرامی سابرین نیوزی سەر بە گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق راگیرا. ئەمەش دوای ئەوەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا رایانگەیاند چالاکیییەکانیان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا رادەگرن.
 
کەناڵی تەلەگرامی سابرین نیوز-ی سەر بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە کار و چالاکی ئەو گرووپانەی بڵاودەکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 01ی شوباتی 2024، لە پێگەی تەلەگرامی خۆیدا ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە، کە "کەناڵەکە تاوەکو کاتێکی نادیار راگیراوە". بەڵام باسی لە هۆکاری راگرتنەکە نەکردووە.
 
ئەو کەناڵە، کە نزیکەی 400 هەزار سەبسکرایبی هەیە، گرنگییەکی زۆری بە هەواڵی گرووپە چەکدارەکان دەدا و سەرجەم بەیاننامەکانی بڵاودەکردەوە، هەروەها زوو زوو هێرشی دەکردە سەر هەرێمی کوردستان و "هەواڵی ناڕاست"ـی لەبارەی هەرێمی کوردستان بڵاودەکردەوە.
 
جگە لەو کەناڵە، گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق، خاوەنی چەندین کەناڵی دیکەی تەلەگرامن.
 
تەلەگرام، کە ئەپێکی رووسییە کەمترین چاودێری لەسەرە بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆیە گرووپە چەکدارەکان سوودی زۆری لێدەبینن بۆ بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانیان. 
 
راگرتنی چالاکییەکانی کەناڵەکە لە کاتێکدایە، گوشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە بۆ سزادان و سنووردارکردنی کاری چالاکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، ئەوانەشی پشتیوانی ئەو گرووپانە دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 22-01-2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سێ سەرکردەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و چەند کۆمپانیایەکی خستە نێو لیستی سزاکانی، کە بە گوتەی وەزارەتەکە، هاوکاریی داراییان بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کۆکردووەتەوە و دابینکردووە. کۆمپانیای فلای بەغداد کە کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی عێراقییە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەتۆمەتی گواستنەوەی چەک و چەکدار و بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە سزای بەسەردا سەپێندرا و خرایە لیستی سزاکانەوە.
 
هەفتەیەک دواتر رۆژی دووشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، بانکی هودای عێراقی و خاوەنەکەی خستە لیستی سزاکانییەوە. خاوەنی بانکەکە ناوی حەمەد یاسر موسەوییە، کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەسەر لیستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "ئەو بانکە چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق وەکو کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەقی کردووە". هەروەها دەڵێت، "ئەو بانکە بووەتە ناوەندێکی هاوکاریی دارایی تیرۆریستان و هەروەها دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە