رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە و بۆ سێ رۆژ ماتەمینیی گشتیی لە عێراق راگەیاند.
لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، موقتەدا سەدر نووسیویەتی: "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، سەرەخۆشی لە هەموو جیهانی ئیسلامی دەکەین، بەبۆنەی شەهیدبوونی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی، سەیدی زانای خواناس و موجاهیدی بەرگریکار، سەید خامنەیی."
سەدر لە پەیامەکەیدا دەشڵێت: "داوا لە خودای گەورە دەکەین ئەم قوربانییەمان لێ قبووڵ بکات لە چوارچێوەی زنجیرەی شەهیدان و راستگۆیاندا و بە رەحمەتی فراوانی خۆی دایبپۆشێت و لە بەهەشتی بەریندا لەگەڵ باوباپیرانی کۆی بکاتەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە بڕیاری دا بەوەی "بۆ ماوەی سێ رۆژ لە عێراق ماتەمینیی گشتی رادەگەیێنین."
ئەم هەڵوێستەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 28-2-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە ئۆپەراسیۆنێکی "ورد و گەورەدا" کوژراوە. دواتر بەرەبەیانی رۆژی 1-3-2026 میدیای فەرمی ئێران کوژرانی خامنەیی پشتڕاستکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ