خەزعەلی: خامنەیی لە هێرشێکی ناپاکانەدا شەهید بوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاند.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026، خەزعەلی لە راگەیێندراوێکدا، خامنەیی بە "ئازاترین سەید، زاناترین، پێشەوای موسڵمانان و سەروەری بەرگریکاران" وەسف کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە "مانگی پیرۆزدا (مانگی رەمەزان)، بە رۆژووەوە و لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکارانی زەوی" گیانی سپاردووە.
 
ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق راستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت، "خامنەیی لە ئەنجامی دەستدرێژییەکی ناپاکانەی زایۆنی-ئەمریکی بە سەرکردایەتیی ترەمپی تاوانباری تیرۆریست و نەتەنیاهۆی 'جەلادی دڕندە' شەهید بووە."
 
قەیس خەزعەلی وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی، سەرەخۆشی لە "ئیمامی زەمان، مەرجەعە باڵاکان، زانایان، خێزانی کۆچکردوو و سەرجەم ئازادیخوازانی جیهان" کردووە.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا هاتووە، "داواکارین لە خودای گەورە خوێنی پاکی ئەو بکاتە مەشخەڵ و منارەیەک بۆ رێبوارانی رێگەی حەق، سەرکەوتن بەسەر دەستدرێژیکاراندا بە نسیبی برایانمان لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکات."
 
رۆژی 28-02-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژراوە. بەرەبەیانی رۆژی 1-3-2026 میدیای فەرمیی ئێران کوژرانی خامنەیی پشتڕاستکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە