رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا دروستبوو؛ ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکان لە نزیک دەروازەکانی ناوچەکە کۆبوونەتەوە و هەوڵی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەدەن.
بەپێی ئەو دیمەنە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ پاراستنی ناوچەی سەوز رێوشوێنی تووندیان گرتووەتەبەر و بۆ دوورخستنەوەی خۆپێشاندەران لە دەروازە سەرەکییەکان، گازی فرمێسکڕێژ و ئامێری ئاوڕشێنیان بەکارهێناوە؛ لە بەرامبەریشدا خۆپێشاندەران بە بەرد هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و هەوڵی تێپەڕاندنی بەربەستەکان دەدەن.
ئەم ئاڵۆزییانەی بەغدا دوای ئەوە دێن، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی کوژرانی عەلی خامنەئی، رێبەری باڵای وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە و هەڕەشەی "تۆڵەیەکی سەخت"ی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، عەلی خامنەئی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی و ئیسرائیل کوژراوە، ئەمەش شەپۆلێکی تووڕەیی لە ناو لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق دروستکردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی لەلایەن میدیای فەرمی ئێرانەوە، لە بەسرە و ناسریە شیعەکان رژانە سەر شەقامەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ