عێراق سێ رۆژ ماتەمینیی گشتی بۆ کوژرانی خامنەیی راگەیاند

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق بە فەرمی سێ رۆژ ماتەمینیی گشتیی لە سەرانسەری وڵاتدا راگەیاند و بە تووندی سەرکۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026 بڵاویکردەوە، رایگەیاند، "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، سەرەخۆشی لە گەلی ئێران و ئوممەتی ئیسلامی دەکەین بۆ شەهیدبوونی رێبەری باڵا سەید عەلی خامنەیی، کە لە ئەنجامی دەستدرێژییەکی ئاشکرا و کارێکی سەرکۆنەکراودا بووە قوربانی."
 
حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەو هێرشەی کرایە سەر رێبەری ئێران "هەموو نەریتە مرۆیی و ئەخلاقییەکان و یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە." لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، خامنەیی تەمەنێکی لە خزمەتی گەلی ئێران و بەرگریکردن لە دژی ستەمکاری بەسەربرد و ژیانی بە "تاجی شەهادەت" کۆتایی پێهێنا.
 
باسم عەوادی جەختی لەوەش کردەوە، عێراق داوای "دەستبەجێ و بێ مەرجی راگرتنی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەکات،" چونکە ئەو ئاڵۆزییانە ناوچەکە بەرەو ئاستێکی بێپێشینەی تووندوتیژی و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی دەبەن.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، حکومەتی عێراق سێ رۆژ ماتەمینیی گشتیی لە تەواوی دامودەزگاکانی وڵاتدا راگەیاند.
 
رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشێکی هاوبەش و بەرفراواندا چەندین ناوچەیان لە ناوخۆی ئێران کردە ئامانج و لە ئەنجامدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئەو وڵاتە کوژرا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن تارانەوە بە فەرمی پشتڕاستکرایەوە.
 
جگە لە خامنەیی ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێرانیش کوژراون. لەوانە عەلی شەمخانی، راوێژکاری سیاسی رێبەر، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالاری ئێران؛ عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران و محەممەد باسری، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی ئیتلاعات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بینای بارەگای نوێنەری خامنەیی لە دەشتی نەینەوا دوای هێرشەکە

بارەگای نوێنەری خامنەیی لە دەشتی نەینەوا بۆردوومان کرا

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ناوچەی بارتلە-ی سەر بە پارێزگای نەینەوا، بارەگای "دامەزراوەی بەسائیر خەیری" کرایە ئامانج. سەرچاوەیەک لە ناوچەکە رایگەیاند، ئەم بارەگایە وەک ناوەندی سەرەکیی کارەکانی شێخ حەسەن شەبەکی، نوێنەری عەلی خامنەییە لە پارێزگای نەینەوا. بە گوتەی پەرلەمانتارێکی شەبەک، بەیانیی ئەمڕۆ چەند شوێنێکی نەینەوا بۆردوومان کراون و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە