رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ مۆندیالی 2026، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە و پێگەی عێراق لە نێوەندە وەرزشییە جیهانییەکاندا بەهێزتر دەکات. هەر بەم بۆنەوە ئەمڕۆ و سبەی کردە پشووی فەرمی.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکەین بۆ ئەو دەستکەوتە وەرزشییەی کە پاڵەوانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی بە گەیشتنیان بۆ جامی جیهانیی 2026 بەدەستیانهێنا. ئەمە هێنانەدی خەونی ئەو جەماوەرە بوو کە چاوەڕوانی ئەم ساتە مێژووییەیان دەکرد."
هەر بەم بۆنەیەوە محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ و سبەی کردە پشووی فەرمی لە سەرجەم دامو دەزگاکانی دەوڵەت.
سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد کە گەیشتنی "شێرانی رافیدەین" بە مۆندیال، وێستگەیەکی گرنگە لە کاروانی وەرزشیی وڵاتدا و گوتی، "ئەم سەرکەوتنە سەلمێنەری ویستی پۆڵایین و ورەی بەرزی گەنجەکانمانە کە هەمیشە هەوڵ دەدەن ناوی عێراق لە هەموو بوارەکان، بەتایبەتی لە بواری وەرزشیدا، بە بەرزی بهێڵنەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە پشتیوانییەکانی حکومەت کردەوە و رایگەیاند، "لە سەرەتای یارییەکانی پاڵاوتنەوە، هەموو پشتیوانییەکمان پێشکێشی هەڵبژاردەی نیشتمانی و فیدراسیۆنی تۆپی پێ کرد، چونکە متمانەی تەواومان بە توانای یاریزانەکانمان هەبوو بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم لە مێژوودا ناوی عێراق بگەیێننە لووتکەی سەرکەوتن لە مۆندیالدا."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سوودانی، سوپاسی هاندەرانی عێراقی لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد کە لە هەموو قۆناخەکاندا پاڵپشتی هەڵبژاردەکە بوون؛ هەروەها سوپاسی هاندەرانی وڵاتانی دۆست و برای کرد کە هاوسۆزی هەڵبژاردەی عێراق بوون و گوتی، "وەرزش تەنیا کێبڕکێ نییە، بەڵکو پردێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و خۆشەویستی لەنێوان گەلاندا."
ئەمە دووەمجارە لە مێژوودا هەڵبژاردەی عێراق بگاتە جامی جیهانی، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1986 بەشداری کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، لە دوایین یاریی پاشکۆی کۆتایی جامی جیهانیی 2026، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و بۆلیڤیا لە مەکسیک رووبەڕووی یەک بوونەوە و عێراق یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ