رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ناوەندیی لە نووسینگەی تایبەتیی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، چەند رێنماییەکی تایبەت بە خۆپیشاندانەکەی رۆژی شەممەی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکەدا تەنیا ئاڵای عێراق بەرز دەکرێتەوە و پارێزگای نەجەف بەشداریی تێدا ناکات.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی تایبەتیی موقتەدا سەدر کە ئەمڕۆ سێشەممە،31ی ئاداری 2026 بڵاوکراوەتەوە، هەشت خاڵ وەک رێنمایی بۆ خۆپیشاندەران دیاری کراون کە بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، 4ی نیسانی 2026 بەڕێوەبچێت.
گرنگترین رێنماییەکان بریتین لە:
- پابەندبوون بە دروشمە ناوەندییەکان.
- پاراستنی ئاشتییانەی خۆپیشاندانەکە.
-تەنیا ئاڵای عێراق بەرز بکرێتەوە و بەرزکردنەوەی هەر ئاڵا و وێنەیەکی دیکە قەدەخەیە.
-هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و لیژنە رێکخەرەکان بکرێت.
-کاتی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە کاژێر 4:30ی ئێوارە دەبێت تاوەکو کاتی رۆژئاوابوون.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە پارێزگای نەجەف لەم خۆپیشاندانە بەدەر کراوە و چالاکییەکە لەو پارێزگایەدا ناکرێت.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، رۆژی دووشەممە 30ی ئاداری 2026 لە پەیامێکی دەستنووسیدا داوای لە خەڵکی عێراق بە هەموو پێکهاتە و ئایینزاکانییەوە کرد، رۆژی شەممەی داهاتوو لە هەموو پارێزگاکانی عێراق خۆپێشاندانێکی جەماوەریی ئاشتییانە بکەن.
بەگوێرەی پەیامەکە، سەدر ئامانجی خۆپێشاندانەکەی بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و داواکردنی چەسپاندنی ئاشتییە لە تەواوی ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ