رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی کۆبووەوە و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقیان تاوتوێکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، نووری مالیکی لە نووسینگەی خۆی پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە هادی عامری، موحسین مەندەلاوی، عەبدولحوسێن مووسەوی، عامر فایز و عەبدولحوسێن یاسری ئامادە بوون. شاندی پارتی پێکهاتووە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، فوئاد حوسێن، نەوزاد هادی، ئومێد سەباح، فەوزی ھەریری و فارس عیسا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ بارودۆخی ئەمنیی عێراق کرا، بەتایبەتی لەژێر رۆشنایی ئەو ئاڵنگارییانەی ئێستا و پەرەسەندنە سەربازییە خێراکانی ناوچەکە و کاریگەرییە پێشبینیکراوەکانیان لەسەر ناوخۆی وڵات.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی، پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاراستنی بەرەی نیشتمانی لە هەر کاریگەرییەکی دەرەکی کردەوە کە زیان بە ئاسایش و سەروەریی عێراق بگەیێنێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە باسوخواسی سیاسی؛ هەردوولا چەند دۆسیەکی سیاسیی لە پێشینەیان تاوتوێ کرد، کە لە سەرووی هەموویانەوە "شایستە دەستوورییەکان" و بەتایبەتی دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بوو.
رۆژی سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت شاندێکی باڵایان چووەتە بەغدا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق. بڕیارە چەند پرسێکی گرنگ و هەنووکەیی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حیزبی تاوتوێ بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، پرسی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت عێراق، هەناردەکردنەوەی نەوت و ئەو دۆخەی ئێستا کوردستان و ناوچەکە پێدا تێدەپەڕێت و هێرشی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دەبێت.
ئەم سەردانەی شاندی پارتی لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی 11ـی مانگی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە. بۆ ئەو پۆستە، پارتی و یەکێتی بە جیا بەربژێریان هەیە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ