هەموو شتێک لەبارەی ئەو رۆژنامەڤانەی لە بەغدا رفێندرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی رۆژی سێشەممە لە گەرمەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی عێراق، شێلی کیتلسن، رۆژنامەڤانی ناسراوی ئەمریکی لە شەقامی سەعدوون-ی ناوەڕاستی بەغدا رفێندرا. وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی راوەدووناندا یەکێک لە رفێنەرەکان دەستگیرکراوەو گەڕان بۆ دۆزینەوەی رۆژنامەڤانەکە بەردەوامە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت "کەسێک پەیوەندیی بە گرووپی میلیشیای کەتیبەکانی حیزبوڵڵاوە هەبووەو لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەستگیرکراوە."
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 31-03-2026، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە رفێندراوە. دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی، دەستیان بە راوەدوونانی رفێنەرەکان کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لە کاتی راوەدوونانەکەدا هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ئۆتۆمبێلی رفێنەرەکان گەمارۆ بدەن، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ هەڵاتن، ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاوە. هێزە ئەمنییەکان یەکێک لە تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەدا گرتووە، کە لە تاوانەکەدا بەکارهاتووە.
 
هەر لەو بارەوە دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئاگاداری رفاندنی رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکەن لە بەغدا و پێشتر ئەرکی خۆیان لە ئاگادارکردنەوەی ئەو رۆژنامەڤانە لەبارەی هەڕەشەکانەوە جێبەجێ کردووە.
 
جۆنسن، گوتی: "بەردەوامین لە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی ئەو رۆژنامەڤانە لە زووترین کاتدا."
 
سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد "کەسێک پەیوەندیی بە گرووپی میلیشیای کەتیبەکانی حیزبوڵڵاوە هەبووەو لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەستگیرکراوە."
 
دیلان جۆنسن، جەختی لەوە کردەوە، عێراق هێشتا لە ئاستی 4ـی هۆشداریی گەشتکردندایە (Do Not Travel)، بەرزترین ئاستی هۆشدارییە، هەربۆیە داوای لە ئەمریکییەکان کرد بە هیچ هۆکارێک گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن.
 
لە کۆتاییی راگەیێندراوەکەدا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هەموو هاووڵاتییانی ئەمریکی و رۆژنامەڤانان کرد پابەندی رێنوێنییەکانی گەشتکردن بن و خۆیان لە مەترسییەکان بپارێزن.
 
شێلی کیتلسن کێیە؟
 
شێلی کیتلسن (Shelly Kittleson) رۆژنامەڤانێکی بەنێوبانگی ئەمریکییە کە چەندین ساڵە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لە عێراق و باشووری کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان و ئەفغانستان کار دەکات. ئەو یەکێکە لەو رۆژنامەڤانە بیانییانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە نێو جەرگەی رووداوەکان و لەناو شاری بەغدا نیشتەجێ بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری رووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەیە.
 
شێلی بەوە ناسراوە، کە زۆر بە وردی راپۆرت لەسەر گرووپە چەکدارەکان، ململانێی هێزە ناوخۆییەکان، شەڕی دژ بە داعش و کاریگەرییە ناوچەییەکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراق و سووریا ئامادە کردووە. ئەو تەنیا لە دوورەوە سەیری رووداوەکان ناکات، بەڵکو زۆربەی جار سەردانی بەرەکانی جەنگ و ناوچە مەترسیدارەکانی کردووە.
 
ئەو وەک رۆژنامەڤانێکی سەربەخۆ (Freelance)، کارەکانی لە گرنگترین دەزگا میدیاییەکانی جیهان بڵاودەبنەوە، لەوانە: ئەلمۆنیتەر، فۆرن پۆلیسی، بی بی سی، پۆلیتیکۆ  ونیولاینس مەگەزین
 
شارەزایی لە دۆخی کوردستان و ناوچەکە
 
شێلی کیتلسن لە ساڵی 2012وە بە شێوەیەکی چڕ رووماڵی رووداوەکانی عێراق دەکات. لە کاتی شەڕی دژ بە داعش (2014-2017)، یەکێک بوو لەو رۆژنامەڤانە دەگمەنانەی کە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەچووە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ لە موسڵ، فەللوجە، ئەنبار و شنگال.
 
کیتلسن راپۆرتی زۆر کاریگەری لەسەر کوردانی ئێزدی، کاکەیی و کریستیانەکان ئامادە کردووە، بەتایبەتی دوای کارەساتەکانی سەرلەهەڵدانی داعش. هەروەها چەندین جار سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە و راپۆرتی لەسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دۆخی کەمپەکانی وەک "هۆل" ئامادە کردووە. هەروەها راپۆرتی کردووە لەبارەی دۆخی باشووری کوردستان و بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە.
 
ئەم رۆژنامەڤانە پێشتر ماوەیەکی زۆر لە ئیتاڵیا ژیاوە و جگە لە ئینگلیزی، بە تەواوی شارەزای زمانەکانی ئیتالی و عەرەبییە، ئەمەش وای لێکردبوو بە تەنیا لە بەغدا و ناوچە جیاوازەکان بسوڕێتەوە و راپۆرتەکانی ئامادە بکات. بەهۆی ئازایەتییەکەی لە رووماڵکردنی ناوچە گەرمەکانی شەڕدا، چەندین جار خەڵاتی نێودەوڵەتی پێدراوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە