رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، بەستنەوەی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی بە سیستمی چاودێریی GPRS، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی قاچاخی بەرهەمە نەوتییەکان بە رێژەی زیاتر لە 95٪.
رافد سادق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو تانکەرە حکومی و ئەهلییەکان بە سیستمی GPRS بەستراونەتەوە بۆ ئەوەی لە ژێر چاودێریدا بن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، ئەم سیستمە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکان جێبەجێ کراوە بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر جۆرە چالاکییەکی قاچاخچێتی. دەشڵێت: "بەپێی راپۆرتە ئەمنییەکان، ئەم رێکارە چالاکییە قاچاخەکانی بە رێژەی زیاتر لە 95٪ کەمکردووەتەوە."
سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی سیستمەکە، رافد سادق روونیکردەوە، جووڵەی تانکەرەکان لە رێگەی شاشەی گەورەوە لەلایەن لایەنە پسپۆڕەکانەوە چاودێری دەکرێت؛ لە ساتی بەڕێکەوتنی تانکەرەکە تاوەکو کاتی بەتاڵکردنی بارەکەی. هەروەها هەموو شوێنەکانی وەستانی تانکەرەکان لە رێگادا تۆمار دەکرێن.
وەزارەتی نەوت دووپاتیکردەوە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆژەی حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی کە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان پەیڕەوی دەکات، کە بەپێی هەڵسەنگاندنی دامەزراوە حکومییەکان، ئەنجامێکی زۆر باشی لە رێکخستنی کارەکان و پاراستنی سامانی گشتیدا هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ