هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت: 11ی نیسان سەرۆککۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێت

48 خولەک له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، رۆژی 11ی نیسانی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دیاریکرد، هاوکات جەختی لە رەتکردنەوەی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و هەرێمی کوردستان کردەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران؛ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە نێوخۆیی و دەرەکییەکان.
 
لە راگەیێندراوێکی هاوپەیمانییەکەدا هاتووە، ئەندامانی هاوپەیمانییەکە جەختیان لە رەتکردنەوەی هەر جۆرە پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی وڵات کردەوە و رایانگەیاند، عێراق مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی خۆی، هەروەها دووپاتیان کردەوە کە رێگە نادەن خاک و ئاسمان و ئاوی عێراق بکرێتە شوێنی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ.
 
هاوپەیمانییەکە سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرانە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، نێردە دیپلۆماسییەکان، هێزە ئەمنییەکان و بنکە گرنگەکان لە بەغدا، بەسرە، واست، موسڵ، ئەنبار، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە. هاوکات پشتیوانیی خۆیان بۆ رێکارە حکومی و دادوەرییەکان دەربڕی بۆ چەسپاندنی یاسا و رووبەڕووبوونەوەی گوتاری تووندوتیژی.
 
لە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکەدا، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت جەختی لە گرنگیی یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان کردەوە، بڕیاردرا رۆژی 11ی نیسانی 2026، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامبدرێت، وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
 
هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی خۆی بۆ گەلانی ئێران و لوبنان دەربڕی لەو دۆخە سەختەی تێیدان و داوای راگرتنی خێرای هێرشەکانی کرد. هەروەها ستایشی هەڵوێستی گەلی عێراقی کرد بۆ پشتیوانیکردنی خوشک و براکانیان بەدەم بانگەوازەکەی مەرجەعیەتی باڵا لە نەجەف.
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هاوپەیمانییەکە پیرۆزبایی جەژنی "ئاکیتۆ"ی لە پێکهاتەکانی ئاشووری، کلدان و سریانی کرد و بە نیشانەی هەمەجۆریی رۆشنبیریی عێراق وەسفی کرد. هەروەها پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ مۆندیالی 2026، کە بە دەستکەوتێکی نیشتمانیی گرنگ ناوبرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سوودانی بەبۆنەی گەیشتنی عێراق بە مۆندیال دوو رۆژ پشووی راگەیاند

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ مۆندیالی 2026، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە و پێگەی عێراق لە نێوەندە وەرزشییە جیهانییەکاندا بەهێزتر دەکات. هەر بەم بۆنەوە ئەمڕۆ و سبەی کردە پشووی فەرمی