عێراق
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە باڵیۆزخانەی عێراق لە مەسقەت. 1-5-2025.
رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێکی فەرمی لە مەسقەتی پایتەختی عومانە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمیدا گەیشتە مەسقەت-ی پایتەختی عومان، کە ئامانج لێی "پتەوکردنی هاوکاری دوولایەنەیە لەنێوان کۆماری عێراق و سوڵتانییەتی عوماندا."
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارە لە سەردانەکەیدا وەزیر لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی عومانی کۆببێتەوە، لەوانە بەدر بن حەمەد ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دید و بۆچوونەکان سەبارەت بە پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و ئاڵنگاریی هەنووکەییەکان."
لە رێوڕەسمی پێشوازییەکەدا قەیس عامری، باڵیۆزی عێراق لە مەسقەت و کارمەندانی باڵیۆزخانە ئامادە بوون.
درەنگی شەوی 29ی نیسانی 2025 بەکاتی کوردستان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی پەیوەندیی سەردانەکەی بە دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتنشیەوە گوتی، "دانوستاندنی ئێران و ئەمریکا لە رێگەی حکومەتی عومانەوەیە، ئێمە دەزانین و پەیوەندیی چڕمان هەیە لەگەڵ عومان، چونکە حکومەتی عومان ئەزموونی هەیە لەم بوارەدا، ئەزموونی لە کۆکردنەوەی لایەنەکان و گەڕان بەدوای چارەسەردا هەیە".
فوئاد حوسێن، گوتیشی، "پشتگیری لەم هەوڵەی عومان دەکەم، کە ئێرەمان جێهێشت دەچینە مەسقەت و لەوێ برایانمان دەبینین. رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران لەسەر حیسابی لایەنی سێیەم نابێت و دەبێتە هۆی ئارامبوونەوەی ناوچەکە. ئێمە پشتیوانیی دانوستاندن دەکەین، هیوادارین رێککەوتن بکرێت و ناوچەکە ئارام ببێتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر عێراقیش دەبێت".
ئێران و ئەمریکا دەستیان بە دانوستاندن لەسەر پرۆژگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردووە، تائێستا دووجار لە مەسقەت و جارێک لە رۆما کۆبوونەتەوە، کۆبوونەوەی داهاتووشیان لە رۆما دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ