رووداو دیجیتاڵ
وەرزى هاوین نزیک بووەتەوە و یەدەگى ئاوى عێراق دابەزیوە. کەمئاوى مەترسی بۆ وەرزى هاوینەى کشتوکاڵ لە پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق دروستکردووە، کە لە یەکى حوزەیران دەستپێدەکات.
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق، یەدەگى ئاو بۆ حەوت ملیار مەتر سێجا کەم بووەتەوە لەکاتێکدا ساڵی 2020 زیاتر لە 60 ملیار مەتر سێجا بووە.
پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوور بۆ ئاودێرى و دەستەبەرکردنى ئاوى خواردنەوە پشت بە رووبارى دیجلە و فورات دەبەستن.
رۆژی 30/5/2023 شاندێکى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق سەردانى هەرێمى کوردستانیان کرد بۆ ئەوەى رێککەوتنى نوێ لەبارەى بەردانەوەى ئاو بکەن.
زێدەڕۆیی سەر ئاوى رووبارەکان سەرئێشەیەکى دیکەیە بۆ وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق. عەلى رازى، گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق دەڵێت، "بۆ وەرزى هاوینەى کشتوکاڵ پێویستە هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ پارێزگاریی لە یەدەگى ئاو، وەزارەتى سەرچاوەکانی ئاو پلانى داناوە بۆ چارەسەرى ئەو دۆخە و چۆنێتى بەردانەوەى ئاو و بەڕێوەبردنى، بۆ ئەوەی بگاتە هەموو ئەوانەى کە سوودى لێدەبینین، هەڵمەتێکى گەورەمان دەستپێکردووە بۆ لابردنى زێدەرۆیییەکان لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکە، بەتایبەت زێدەرۆیی لە پشکى ئاو و دەریاچە زێدەڕۆکانى بەخێوکردنى ماسی، مەترسدارترین زێدەڕۆییان ژینگەییە کە فڕێدانى خاشاکە بۆ نێو ئاوى رووبارەکان."
1.6%ى پارەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق بۆ کەرتى کشتوکاڵى و ئاودێریى تەرخانکراوە، چاوەڕواندەکرێت ئەوە لێکەوتەکانى ئەو کێشەیە زیاتر بکات.
زۆزان هاجانی، جێگرى سەرۆکى لێژنەى کشتوکاڵ و ئاو و هۆڕەکان دەڵێت، " ئەم بوودجەیە زۆر کەمە بۆ ئەوەی بتوانین قەیرانی ئاوی پێ چارەسەر بکەین، چونکە هیچ پلانێکی ستراتیژیمان لە عێراق نییە بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان لەم کێشەیە رزگاربکەین. ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە."
کەمبارانى، کەمبوونەوەى ئاوى رووبارەکانى عێراق لە سەرچاوەکانیان لە وڵاتانى دراوسێ هۆکاری کەمبوونەوەى یەدەگى ئاوەکەیەتى.
30%ى ئاوى هەردوو رووبارى دیجلە و فورات لە تورکیاوە دەگاتە عێراق.
بڕى ئاوى بەردراوەى رووبارى فورات بۆ عێراق لە چرکەیەکدا 175 مەتر سێجا و ئاوى رووبارى دیجلەش 313 مەتر سێجایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ