رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، بەرهەمی ئێستای کارەبایان 23 هەزار مێگاواتە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی راگرتنی کارەبا و گازی ئێرانەوە بەرهەمهێنانی پێنج هەزار مێگاوات کەمی کردووە.
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشتر بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق 27 هەزار مێگاوات کارەبا بوو، بەڵام ئێستا بۆ 23 هەزار مێگاوات کەمی کردووە.
لە وەرزى هاویندا خواست لەسەر کارەبا لە عێراق بۆ نزیکەى 54 هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق کەمبوونەوەی بەرهەمێنانی کارەبای بۆ کەمبوونەوەی گاز گەڕاندەوە و گوتی، ئێستا گازی ئێرانی وەستاوە کە عێراق بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای سوودی لێوەردەگرت، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی نزیکەی چوار هەزار مێگاوات کارەبا کەمی کردووە.
ئەحمەد موسا عەبادی گوتی، نزیکەی هەزار مێگاوات کارەبای دیکە لە رێگەی چوار هێڵەوە لە ئێرانەوە دەهات و ئەویش راگیراوە، بەم شێوەیە نزیکەی پێنج هەزار مێگاوات کارەبا کەمی کردووە.
رۆژی 8ـی ئاداری 2025، مۆڵەتی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتاییهات.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران، حکومەتی عێراق ناتوانێت پارەی کاش بە تاران بدات، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، دەیخاتە سەر هەژمارێکی بانکی و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ