دادگەی فیدراڵی بڕیاری فەرمان سالاری لەسەر خەرجکردنی مووچە دەدات؟

01-06-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، لە دژی پێنەدانی مووچە لە دادگەکە سکاڵا تۆمارکراوە. بڕیاردەری هەڵوێست دەڵێت، ئەوان لایەنێکی سکاڵاکەن و چاوەڕێی فەرمان سالارین لە بەرژەوەندیی مووچەخۆران. پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت: سبەی یان دووسبەی دادگە فەرمانەکە دەردەکات.
 
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سکاڵاکە لەلایەن ئێمە و چەند لایەنێکی دیکە؛ ژمارەیەک فەرمانبەر و مامۆستایانی ناڕازییەوە تۆمار کراوە، ئەویش دوای ئەوەی زانیمان تەنیا رێگە دادگەی فیدراڵییە بۆ دەرکردنی فەرمان سالاری لە بەرژەوەندیی مووچەخۆران".
 
ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دادگەکە سکاڵایان تۆمارکردووە. داوای بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکەن.
 
لەبارەی کاتی دەرکردنی فەرمان سالاری لە دادگەی فیدراڵی، عەلی حەمەساڵح گوتی: "بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی کاتیان زۆر دەوێت، بەڵام فەرمان سالاری کاتی زۆری ناوێت و بە زووترین کات دەریدەکەن".
 
رەوتی هەڵوێست بە ناوی 6 فەرمانبەری پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆکەوە سکاڵاکەی تۆمار کردووە.
 
دادگەی عێراق بۆ دەرکردنی فەرمان سالاری پشت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە ژمارە 224 و یەکخراو بە ژمارە 269ـی فیدراڵی 2023 لە 21-2-2024 دەبەستێت.
 
هەر ئەمڕۆ سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "فەرمان سالاریی دادگەی فیدراڵی سبەی یان دوو سبەی دەردەکرێت و بڕیاری بەردەوامیکردنی ناردنی مووچە دەدات".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگەی فیدراڵی، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە سکاڵاکەدا داوایان کردووە، دادگە فەرمان سالارییەک دەربکات و وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند بکات بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی کە تێیدا هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان پابەند دەکات مووچەی سەرجەم کارمەندان بەجێ (تەوتین) بکەن. 
 
سکاڵاکە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە ژمارە (104/ فیدراڵی/2025) تۆمارکراوە.
 
سۆران عومەر گوتیشی: "دادگە بڕوای بەوەهێناوە کە فەرمان سالاریی دەربکات بۆ بەردەوامیی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان".
 
سکاڵاکان لەکاتێکدان، 28-5-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، ناتوانن لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بن، ئەویش بە پاساوی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."