هاتووچۆی عێراق: سەرپێچی ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستانیش تۆمار دەکەین

01-07-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی هاتووچۆی عێراق رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان تابلۆی ئۆتۆمبێلیان یەکخستووە و هەر ئۆتۆمبێلێکی هەرێمی کوردستان لە شارەکانی عێراق سەرپێچی بکات یان بە پێچەوانەوە، سەرپێچییەکەی تۆمار دەکەن و سزادەدرێت.
 
موقەدەم حەیدەر شاکر، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی عێراق، رۆژی دووشەممە 01-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کار لەسەر تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل دەکەین، لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان یەکمانخستوون. زۆربەی وڵاتانی دەوروبەری عێراق کار بەم تابلۆیانە دەکەن. تابلۆکانیش لە کارگەیەکی تایبەت چاپ دەکەین". 
 
سەبارەت بە پێبژاردنی سزای سەرپێچی هاتووچۆ، موقەدەم حەیدەر شاکر دەڵێت: "بەبێ جیاکاری، بەسەر هەموو ئۆتۆمبێلەکان دەسەپێندرێ، تابلۆی هەرێمی کوردستان و بەغدا و تەواوی پارێزگاکانی دیکە". 
 
سزاکان لە مادەکانی 25 و 26 و 27ی یاسای هاتووچۆی عێراق، ژمارە 8ی ساڵی 2019 دیاریکراون.
 
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی عێراق، راشیگەیاند: "هەرێمی کوردستان، یاسایەکی دیکەی جیاوازی هەیە. بڕی سزای پارەکە لە بەغدا وەردەگیرێ، لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان جیاوازە. کۆمەڵێک سزامان هەیە، 50 هەزار دینار، 100 هەزار دینار و 200 هەزار دینارن".
 
هەروەها گوتی: "ئەگەر سەرپێچیکار پارەکە لەماوەی 72 کاژێر بدات، نیوەی پارەی سزاکەی بۆ کەم دەکەینەوە؛ بەڵام ئەگەر ئەو پارەیەی لە ماوەی مانگێکدا نەدا، سزاکەی دەبێتە دوو بەرامبەر".
 
پۆلیسی هاتووچۆی عێراق، داوا لە هەموو شوفێران دەکات پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن و گوتی: "زانیارییەکانی نێوان بەغدا و هەموو پارێزگاکان بە ئەلیکترۆنی کراون، بۆ هەرێمی کوردستان هۆبەیەکمان هەیە بەناوی هۆبەی بەدواداچوون، زانیارییەکان لەنێوان ئەو هۆبەیە و برایانی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ دەکرێ".
 
کۆتایی ساڵی رابردوو، حەوت ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەکانیەوە لە عێراق تۆمار کرابوون، لە هەرێمی کوردستانیش تاوەکو کۆتایی ئاداری رابردوو ملیۆنێک و 993 هەزار و 552 "ئامێری گواستنەوە" بە فەرمی تۆمار کرابوون کە ملیۆنێک و 973 هەزار و 778یان جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلن و 19 هەزار و 774یشیان ماتۆڕسکیل بوون.
 
رۆژی 18-06-2024، موقەدەم محەممەد عەلی حەسوون، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق "واع"ی راگەیاند: "هاوئاهەنگییەکی هاوبەش لەسەر ئاستی بەرز لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی هەیە بۆ یەکخستنی سزاکانی هاتووچۆ لە رێگەی سیدی و ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی بۆ ئەو سزایانەی هاتووچۆ کە لە بەغدا و پارێزگاکان و ئەوانەشی لە هەرێمی کوردستان دەکرێن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە