رووداو دیجیتاڵ
فواد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، نامەیەکی لە عەباس عێراقچیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێدەگات.
دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازی لە محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی ئێران نامەیەکی نووسراوی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە، دایە فواد حوسێن، تێیدا باسی لە دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە کردبوو. لەگەڵ تیشک خستنەسەر لێکەوتەکانی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە .
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگەکانی پتەوکردنیان لە بوارە جیاجیاکاندا کرا، لەگەڵ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی حوزەیرانی 2025، ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران ئاماری نوێی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "بەپێی دوایین ئاماری دادپزیشکی، 935 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون."
ئەسغەر جەهانگیری گوتی: "لە نێو کوژراوەکاندا 38 منداڵ و 102 ئافرەتیش هەن، کە هەندێکیان دووگیان بوون."
لە 13ی حوزەیران، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ