رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "ئێران بەو شێوەیەی کە وێنا دەکرێت، لاواز نییە. ئێران خاوەن حکومەتێکی رەگوڕیشە قووڵە و پاڵپشتیکاری زۆری هەیە".
لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەندینجار ئاسمانی عێراقیان بەکارهێنا بۆ بۆردوومانکردنی ئامانجەکانیان لە قوڵایی ئێران. محەممەد شیاع سوودانی لە هەڤپەیڤینێکدا ئەوەی بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی ناوبرد و گوتی: "عێراق لەسەر ئەو پێشێلکارییانە سکاڵای لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کردووە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد کە "سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی پێشکەوتوو و گونجاومان نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی، بەردەوام دەبن لەسەر پلانەکانیان و رێگە نادەن هیچ وڵاتێک ئاسمانیی عێراق پێشێل بکات و بۆ ئەو مەبەستەش "هەموو رێگەیەکی بەردەست دەگرینەبەر."
سوودانی باسی لەوە کرد، کاتێک لە ساڵانی رابردوودا سوپای پاسدارانی ئێران مووشەکی بەرەو خاکی عێراق هەڵدا و بنکە ئەمریکییەکانی کردە ئامانج، وەک تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی یان کاتێک بارەگای پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج، ئەمەریکا بە تووندی ئێرانی تۆمەتبار دەکرد بە بێڕێزیکردن بە سەروەریی دراوسێکانی، "بەڵام کاتێک بابەتەکە هاتە سەر ئیسرائیل، ئەمریکا هیچ وەڵامێکی لەوجۆرەی نەبوو."
سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەوە بە "مامەڵەیەکی دوولایەنە" ناودەبات و دەڵێت، جێبەجێکردنی ئەو جۆرە رێبازە لەلایەن ئەمریکاوە "ئەو پەیوەندییە هاوبەشییە تێکدەدات" کە لەنێوان بەغدا و واشنتۆن هەیە.
لە وەڵامی ئەوەی ئایا ئەمریکا پێشوەختە حکومەتی عێراقی لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران ئاگادار کردەوە، سوودانی گوتی: "بەدڵنیاییەوە، نەخێر."
لەبارەی هەڕەشە و لێدوانی بەرپرس و فەرماندەی بەشێک لە گرووپەچەکدارەکانی عێراق لە کاتی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، سوودانی رایگەیاند: "زۆر لێدوان و راگەیێندراو بڵاوکرانەوە، بەڵام کاتێک کار دەگاتە کردار، ئەوکات دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی هەن."
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەی لە عێراق رۆژی 19ی حوزەیران لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "رەنگە دۆخەکە ببێتەهۆی ئەوەی بەتەواوی لە کۆنترۆڵ دەربچێت و پشێوییەکی گەورە دروست بێت کە ئازار و مەینەتیی گەلانی ناوچەکە زیاتر دەکات و تاوەکو دوورترین ئاست زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەمووان دەگەیەنێت."
سوودانی لەبارەی ئەو راگەیێندراوەوە گوتی: "ئێمە بۆ هاوڕێکانمانمان روونکردەوە کە گرنگە ئەوانیش راگەیێندراوی هاوشێوەی راگەیێندراوەکەی مەرجەعی باڵای شیعە بڵاوبکەنەوە. ئێمە رژدبووین لە گەیاندنی پەیامەکانمان سەبارەت بە مەترسی تەشەنەسەندنی ململانێیەکە."
لە 13ی حوزەیران، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ