پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی تایبەت بە سنووری عێراق و کوێت پێکدەهێنێت

01-08-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک تایبەت بە سنووری عێراق و کوێت پێکدەهێنێت و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش راسپێردراوە روونکردنەوە لەبارەی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و جێبەجێنەکردنی رێنوێنییەکانی یاسای بودجە بدات.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە 01-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا کە بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار دەستیپێکرد، بڕیاردرا لیژنەیەکی پەرلەمانی لە لیژنەکانی یاسایی، پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی سنووری نێوان عێراق و کوێت پێکبهێندرێت و دواتر لەوبارەوە راپۆرتێک پێشکێش بکات.
 
وەکو شێروان دووبەردانی گوتی، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی کرد، داوا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرا روونکردنەوە لەبارەی هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و جێبەجێنەکردنی رێنوێنییەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بدات.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوە بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسا کران، وەکو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی بەرپرسانی دەسەڵاتی پێشوو ژمارە 72ی ساڵی 2017؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری دووەمی یاسای دڵنیایی بەرپرسیاریەتی کەسی فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە 47ی ساڵی 1990؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای پەیوەندیکردنی عێراق بە پرۆتۆکۆڵی گشیی ساڵی 1997 بۆ هەمواری رێککەوتنی رێگریکردن لە پیسبوون لەلایەن کەشتییەکانەوە ساڵی 1973؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای پەیوەندیکردنی عێراق بە رێککەوتننامەی مەراکشەوە.
 
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا بڕیاردرا کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."