رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی واست لە پارێزگای کوت پێشوازی لە یەکەم خوێندکاری چینی کرد کە توانی بڕوانامەی ماستەر لە زمانی عەرەبیدا بەدەست بهێنێت. ئەم خوێندکارە چینییە، ناوی (تیان زینک)ـە، بووە یەکەم چینی کە لە عێراقدا ئەم بڕوانامەیە لەو پسپۆڕییەدا بەدەست بێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، دکتۆر سەبیح لەفتە، یاریدەدەری زانستیی سەرۆکی زانکۆی واست، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە دەسکەوتێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە کولتووری و ئەکادیمییەکان لە نێوان عێراق و چیندا، لە چوارچێوەی پڕۆگرامی 'بخوێنە لە عێراق' کە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاراستەی زانکۆکان کراوە."
دکتۆر سەبیح لەفتە ئاماژەی بەوەشدا، ناونیشانی نامەی ماستەرەکەی (تیان زینک) لەسەر "کاریگەریی زمانی عەرەبی لەسەر زمانەکانی پارێزگاکانی باکووری رۆژئاوای چین" بووە و توانیویەتی پلەی نایاب بەدەست بهێنێت.
یاریدەدەری زانستی سەرۆکی زانکۆی واست گوتیشی "تیان لە خۆشەویستی بۆ زمانی عەرەبی و قورئانی پیرۆز ئەو بەشەی هەڵبژاردووە".
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق، لە چوارچێوەی پرۆگرامی "بخوێنە لە عێراق"، دەرگای زەمالەی خوێندنی بەڕووی خوێندکارە بیانییەکاندا کردەوە. ئەم زەمالانە، کە سەرجەم کرێی خوێندن و شوێنی نیشتەجێبوون لە زانکۆ عێراقییەکان دەگرێتەوە.
یاریدەدەری زانستیی سەرۆکی زانکۆی واست ئەوەشی خستەڕوو کە تاوەکو ئێستا 8 هاووڵاتیی بیانی دیکەی وڵاتانی (چین، پاکستان، نایجیریا، سوودان، لوبنان، سووریا، ئێران و یەمەن) لە زانکۆکەیان بۆ بڕوانامەی باڵا دەخوێنن، کە ئەمەش "نیشانەی سەرکەوتنی پڕۆگرامەکە و خواستە لەسەر خوێندن لە عێراق".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ