رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ گرووپێکی "سیخوڕی" لە بەغدا دەستگیرکرابێت و رایگەیاند، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون پێنج گەشتیاری پۆڵەندین و بە شێوەیەکی یاسایی هاتوونەتە عێراقەوە.
شەممە 07-03-2026 وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئەو هەواڵانەی لە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی باندێکی سیخوڕی لە پایتەخت رەتکردەوە و رایگەیاند، "دوورن لە راستییەوە."
لەبارەی وردەکاریی رووداوەکە، وەزارەتەکە روونیکردەوە، هێزە ئەمنییەکان 5 کەسی بە رەگەز پۆڵەندییان دەستگیرکردووە، کە پێش نزیکەی 10 رۆژ لە رێگەی دەروازە فەرمییەکانەوە و بە شێوەیەکی یاسایی هاتوونەتە ناو عێراق.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستگیرکردنی ئەو 5 پۆڵەندییە لەبەر ئەوە بووە کە لە نزیک "گۆڕەپانی تەحریر" لە بەغدا گومانیان لێکراوە، بۆیە هێزە ئەمنییەکان رێکاری یاساییان بەرامبەر گرتوونەتەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکانیان.
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، "دوای وردبینیی بەڵگەنامەکان و شێوازی هاتنیان بۆ عێراق و مانەوەیان، دەرکەوت کە هەموو رێکارەکانیان یاساییە و بەشێوەیەکی شەرعی لە وڵاتدان."
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا دەکات لە گواستنەوەی زانیارییەکاندا "وردبن" و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و ئەو هەواڵانە بڵاونەکەنەوە کە دەبنە هۆی "شڵەژانی رای گشتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ