رووداو دیجیتاڵ
دەزگەی دژەتیرۆری عێراق رایدەگەیێنێت، هاوئاهەنگییەکی باڵایان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئەم ساڵ 22 ئەرکی هاوبەشیان کردووە. دەشڵێت، داعش هەوڵدەدات پەناگەی ئارامی لە ناوچەکانی کەرکووک هەبێت. بە گوتەی دژە تیرۆر رێکخراوی داعش لەوپەڕی بێ هێزی دایە و هەوڵدەدات لە ئەفریقا خۆی رێکبخاتەوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی دەزگەی تیرۆری عێراق، رۆژی 01-10-2024 لەکاتی بەشدارییکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات، راگەیاند: "دەزگەی دژە تیرۆری عێراق هاوئاهەنگییەکی زۆر بەرزی لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەر تەنیا باسی دەزگەی دژە تیرۆر ناکەم، بەڵکو لەگەڵ هەموو دەزگە ئەمنی و هەواڵگرییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هاوئاهەنگییەکی زۆر باڵامان هەیە. وەک ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی دژە تیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی دیکە".
سەباح نوعمان، پێیوایە هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان. کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاسایشی ناوەند و هەرێمی کوردستان هەبووە.
گوتەبێژی دەزگەی تیرۆری عێراق دەڵێت، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 22 ئەرکی هاوبەشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە، بەهۆیەوە 5 تیرۆیست دەستگیرکراون لەگەڵ رادەستکردنی 18 تاوانکاری تیرۆریست، کە خۆیان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان شاردبووەوە".
بەم دواییانە جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە کەرکووک زیادیکردووە، سەباح نوعمان، گوتی، "دووژمن هەوڵدەدات پەناگەی ئارامی لە ناوچەکانی کەرکووک هەبێت، باسی سەنتەری پارێزگاکە و دەورووبەری کەرکووک ناکەم. رێکخراوەکە هەوڵدەدات خۆی بشارێتەوە و دووربکەوێتەوە لە دەزگە ئەمنییەکان، بۆیە لە ناوچە سەختەکان خۆی مەلاس دەدا، وەک چیا و دۆڵەکان، لە وادی شای، چیای قەرەچووخ و دۆڵی خاسە. ئەم ناوچانە دوورن لە شارەکانەوە؛ بەڵام ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکانمان بەردەوامە".
سەبارەت بە دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش لە کەرکووک گوتی: "لێکۆڵینەوەکان کاتیان دەوێت و بە نهێنیی دەکرێن بۆ ئەوەی پارێزراوبێت، بۆ ئەوەی دەستمان بگاتە بە بەرزترین سەرکردەکانی رێکخراوەکە. زانیاری زۆر گرنگمان لێیان دەستکەوتووە، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر پلان و ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوو دا، کە باڵاترین سەرکردەکانیان دەکرێنە ئامانج".
گوتەبێژی دەزگەی تیرۆری عێراق باسی توانای ئێستای رێکخراوی داعشی کرد و گوتی، " دەزگای دژەتیرۆر بەرپرسی یەکەمە و لایەنی کەمی پەیوەندیدارە لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، بەتایبەتی رێکخراوی داعش، بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ ئەو رێکخراوە تیرۆیستییە و مەترسییەکانی دەکەین".
گوتەبێژی دەزگەی تیرۆری عێراق دەڵێت: "ئەو رێکخراوە لە لاوازترین دۆخی دایە. پشتیوانی لۆجستی لاوازە، پشتیوانی دارایی لاوازە، بنکەی جەماوەریی لاوازە، پەناگەی وەک جاران نەماوە کە پێشتر هەیبوو. یەکێتی سەرکردایەتی ناوەندیی و یەکێتی بڕیاردانی نییە.ئەوەش کاریگەری گەورەی بۆ سەر توانای ئەو رێکخراوە دروست کردووە".
گوتەبێژی دەزگەی تیرۆری عێراق ئاماژەی بەوەدا بەدواداچوون و ئۆپەراسیۆن و راوەدوونانەکانیان بۆ سەر پاشماوەی ئەو رێکخراوە بەردەوامە. مانگی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکدا 14 چەکداری رێکخراوەکە لە بیابانی ئەنبار کوژران، کە زۆربەیان فەرماندە و سەرکردەی هێڵی یەکەمی رێکخراوەکە بوون لە دەرەوەی سنووری عێراق کردەوەیان کردبوو.
سەبارەت بەو چەکدارانەی داعش، کە ئێستا لە گرتووخانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتن، سەباح نوعمان دەڵێت: "زۆربەیان بیانین، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش پابەندن بەوەی ئەو گرتوخانە پاک بکەنەوە، هەر وڵاتێک خەڵکی خۆی بباتەوە".
گوتەبێژی دەزگەی تیرۆری عێراق باسی ئەوەشی کرد، داعش هەوڵدەدات سوود لە دۆخە هەرێمییە و گرژییەکانی ناوچەکە وەربگرێت، جارێکی دیکە خۆی ریکبخاتەوە، بەتایبەتی لە کیشوەریی ئەفریقیا دواتر کاریگەری بۆ سەر ناوچەکە دروستبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ