رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی بەغدا دەستپێکردووە. فەرماندەی ئەو هێزەی ئاسایشی ئەو شوێنەی لە ئەستۆدایە، کە مووشەکەکانی لێوە ئاراستە کراوە، دەستبەسەر کراوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی سێشەممە 01-10-2024 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات، لە کاتێکدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هەوڵی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواو وڵات دەدات، هەندێک کەسانی لە یاسا دەرچوو دەیانەوێت ریزەکانی ئاسایش تێکبدەن.
وەزارەتەکە دەڵێت، دوایینجار کاژێر 00:20 خولەکی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەو پێشێلکردنە بووە کە کرایە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، دوو مووشەکی جۆری کاتیۆشا لەبەردەم دەرگای فەوجی دووەمی دژە تیرۆر و ئەوەی دیکە لە گۆڕەپانێکی چۆڵی نێو فڕۆکەخانە کەوتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەو هێزە دەستپێکردووە کە بەرپرس بووە لە ئاسایشی ناوچەی عامرییەی بەغدا. ئەو شوێنەی کە پێشێلکارییە ئەمنییەکەی تێدا روویداوە. فەرماندەی ئەو هێزەی ناوچەکە بانگ و دەستبەسەر کراوە بۆ زانینی هۆکار و وردەکاریی ئەو کەمتەرخەمییەی کراوە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، بە تووندی لێپرسینەوە لەگەڵ هەریەک دەکات، کە هەوڵبدات دەست بۆ ئاسایشی نیشتمان و سەقامگیرییەکەی ببات.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کە ئەمڕۆ سێشەممە 1ى تشرینى یەکەم بڵاویکردەوە، محەممەد شياع سوودانی وەزیرى ناوخۆى راسپاردووە، لێکۆڵینەوەیەکى "خێرا" بکەن لەبارەى ئاراستەکردنى ژمارەیەک مووشەکى کاتیۆشا لە ناوچەى عامرییەى بەغداوە، کە شەوى رابردوو لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى شارەکە کەوتنەوە.
محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق، داواى لە وەزیرى ناوخۆ کردووە لە ماوەى 48 کاژێردا کەمتەرخەمانى ئەو رووداوە دەستنیشان بکرێن و ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان رابگەیێنن.
هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکى بارهەڵگری جۆرى کیادا گرتووتەوە، کە سەکۆى ئاراستەکردنى ئەو کاتیۆشایانەى لەسەر بووە.
ئەو ئۆتۆمبێلە لە گوندى عەسریە لە ناوچەى عامرییەى بەغداى پایتەخت دەستى بەسەردا گیراوە، بەگوێرەى میدیاى فەرمیى عێراق، چەند مووشەکێکى تێدا بووە، کە نەتەقێندراون و چەند مووشەکێکى دیکەش لە نزیک ئۆتۆمبێلەکە تەقیونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ