رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت، ساڵانە زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی دەخوێنن، بەڵام 40 هەزار باڵەخانەی قوتابخانە بە تایبەت و حکومییەوە لە عێراق هەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2025 کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی ئەو پڕۆژانەی حکومەتی عێراق کاری لەسەر کردوون، پێویستمان بە باڵەخانەی قوتابخانەی نوێ کەم بووەتەوە، چونکە ساڵی رابردوو زیاتر لە 1700 قوتابخانە کرانەوە و زیاتر لە 2000 قوتابخانەی دیکەش نۆژەنکرانەوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زیاتر لە 85%ی قوتابخانەکانی عێراق دوو دەوام یان زیاتریان تێدا دەکرێت. زۆرترین کێشەکانی کەرتی پەروەردە و کەمیی قوتابخانەش لە پارێزگاکانی دیوانییە، زیقار و مەیسانە.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی، "ساڵانە زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابیمان لە سەرتاسەری عێراق هەیە. ژمارەی قوتابخانەکانمان نزیکەی 40 هەزار قوتابخانەیە، بەتایبەت و حکومییەوە. ئەمە جگە لە پەیمانگاکانی هونەرە جوانەکان و ئامادەییە پیشەییەکان، هەروەها زیاتر لە ملیۆنێک مامۆستا، وانەبێژ و فەرمانبەری کارگێڕیمان هەیە."
کەریم سەید گوتیشی، "پڕۆژە حکومییەکانی دروستکردنی قوتابخانە چەندین ساڵ وەستابوون، بەڵام بەم دواییە دەستیانپێکردەوە و دەست بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی قوتابخانەکان کراوە. پڕۆژەی سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان یەکێکە لە هەنگاوەکان کە لە رێگەیەوە کار لەسەر دروستکردنی 600 قوتابخانە دەکرێت."
رۆژی 18-06-2022 مستەفا کازمی، سەرۆكوەزیرانی ئەوکاتی عێراق بەردی بناخەی 1000 قوتابخانەی لە چوارچێوەی رێككەوتنی عێراق - چین دانا.
لەبارەی ئەو قوتابخانانەی کە وڵای چین لە عێراق دروستیان دەکات، کەریم سەید ئاماژەی بەوە کرد، "ژمارەی قوتابخانە نموونهییهكانی چین گەیشتوونەتە نزیکەی 1000 قوتابخانە، ئەمە قۆناخی یەکەمە و کار لەسەر قۆناخەکانی دیکەش دەکرێت."
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023، حکومەتی عێراق دەستی بە دروستکردنی 27 هەزار یەکەی تەندروستی لەنێو 27 هەزار قوتابخانە کرد. پڕۆژەکە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی تەندروستیی عێراقە و کارمەندی راهێندراوی بۆ دادەمەزرێندرێت.
هاوکات عەدنان سەڕاج، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پەروەردە و فێرکردن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رێگەی کارتێکی تایبەتەوە کە بە قوتابییان دەدرێت، 16 جۆر نەخۆشی لەنێو یەکەکاندا دیاری دەکرێن، دواتر قوتابیی تووشبوو بۆ چارەسەرکردن رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان دەکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "لە زۆربەی قوتابخانەکاندا بەشێکی تایبەتمان کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی بابەتی تەندروستیی دەروونی و ئەو کاریگەرییانەی کە رەنگە بەهۆی جگەرەکێشان، مادە هۆشبەرەکان و شتی دیکەوە لەسەر قوتابییان دروست ببن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ