وەزارەتی رۆشنبیری و شوێنەواری عێراق: 40 هەزار پارچە شوێنەوارمان گەڕاندووەتەوە

01-10-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق دەڵێ، لە سێ بۆ چوار ساڵی رابردوو دا توانیویانە نزیکەی 40 هەزار پارچە شوێنەوار بگەڕێننەوە کە "هەندێکیان زۆر گرنگ و بەنرخن"، لەوانە، "تابلۆی گلگامێش و بەرانە سۆمەرییەکە."
 
رۆژی چوارشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2025، د. ئەحمەد عەلیاوی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قاچاخچی و دزەکان ئەو پارچە شوێنەوارییانە بە قاچاخ دەبەنە دەرەوەی وڵات کە لە ناوچەکانی دەرەوەی شاردا بە نایاسایی دەردەهێنرێن. ئەو پارچانە هەندێک جار لە هەندێک وڵاتدا دەبیندرێن و ئێمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتان هەوڵی گەڕاندنەوەیان دەدەین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق دەڵێت: "پارچە شوێنەوارییەکان لەنێو تۆڕەکانی قاچاخچێتیدا کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێ. ئەو تۆڕانە لە بواری بازرگانیی نایاسایی بە موڵکە کولتوورییەکانی وڵاتانەوە کار دەکەن کە عێراقیش یەکێکە لەوان."
 
د. ئەحمەد عەلیاوی ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆ گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارییەکان لە وەزارەت، دۆسیەیەکی تایبەت رێکدەخەین، پەیوەندی بەو لایەنەوە دەکرێ کە پارچە شوێنەوارییەکەی لایە، ئینجا کتێبخانە بێت، مۆزەخانە، بازاڕ یان زانکۆ. پاشان، بە هاوئاهەنگی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەست دەکەین بە هەوڵەکانمان بۆ گێڕانەوەی ئەو پارچەیە."
 
بە گوتەی د. ئەحمەد عەلیاوەیی، لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە پارچەی شوێنەواریی عێراقییان تێدا دەردەکەوێت، هاوکاریی "باش" دەکرێن. دەشڵێت، "هەوڵەکانمان لەم بوارەدا بەردەوامن و لە رێگەی یونسکۆ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە کار لەسەر ئەم دۆسیانە دەکەین، کە مافێکی رەوای عێراقە بۆ گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارییەکانی بۆ وڵات، زۆرترین پارچە شوێنەوارییەکانیش لە بەریتانیا و ئەمریکاوە گەڕێندراونەتەوە."
 
سەبارەت بەو پارچە شوێنەوارییانەی عێراق کە لە هەندێک مۆزەخانەی جیهانی دا دانراون، د. ئەحمەد عەلیاوی دەڵێت، "ئەوانە لە راستیدا لە مۆزەخانەکانی عێراق و لە خاکی عێراق نەدزراون، بەڵکو بەشێک بوون لە رێککەوتنەکان لەگەڵ شاندە بیانییەکان، کاتێک کەلوپەلە دۆزراوەکان لەنێوان شاندەکان و عێراقدا بە نیوە دابەش دەکران، ئەمەش پێش دەرچوونی یاسای ئێستای شوێنەوار بوو، ئەو کات ئەو شاندە بیانییانەی بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەت بەدوای شوێنەوارەکاندا دەگەڕان، نیوەی ئەو پارچە شوێنەوارانەیان دەبرد کە لە زەوی دەردەهێنران."
 
کۆنترین پارچەی مێژوویی عێراق تابلۆی گلگامێشە، کە بە گوتەی د. ئەحمەد، "مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 3500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە."
 
شەوی رابردووش باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن لە پلاتفۆرمی ئێکس رادەستکردنەوەی پەیکەری بزنەکێوی لەلایەن ئەمریکاوە بە عێراق راگەیاند.
 
بە گوێرەی باڵیۆزخانەکە، مێژووی پەیکەرەکە بۆ زیاتر لە 4500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
 
دوای کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی 2003، ناوچە شوێنەوارییەکان لە عێراق رووبەڕووی وێرانکاری، دزین و فەرامۆشکردن بوونەوە. تەنیا لە مۆزەخانەی بەغدا نزیکەی 15 هەزار پارچەی شوێنەواری دیارنەمان. خەمڵاندنەکە بەو جۆرەیە نزیکەی 32 هەزار پارچەی شوێنەواری لە 12 هەزار ناوچەی شوێنەواری لە 2003ـەوە دیار نەماون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە