کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق 86 بەربژێر بە 167 ملیۆن دینار سزا دەدات

01-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق 86 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمان بە پێبژاردن سزا دەدات کە تێکڕای پارەکەیان 167 ملیۆن دینارە، ئەوەش بەهۆی پێشێلکردنی رێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.

ئەو سزای پێبژاردنانە لە 12 بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاراندا هاتووە، کە رۆژانی 30ـی ئەیلوول و یەکی تشرینی یەکەمی 2025 دەرکراون.
 
85 لەو بەربژێرانە بە دوو ملیۆن دینار پێبژاردن سزادراون و بەربژێرێکی دیکەش بە پێنج ملیۆن دینار سزادراوە.
 
یەکی تشرینی یەکەمی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕە پارەی پێبژاردنانە لەو پارەیە دەبڕدرێت کە پێشتر لە بەربژێران وەک سپاردە وەرگیراوە."
 
لیستی پارتە سیاسییەکان 10 ملیۆن و هاوپەیمانێتییەکان 25 ملیۆن و بەربژێرەکان پێنج ملیۆن دیناریان وەک سپاردە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە لێوەردەگیرێت.
 
عیماد جەمیل گوتی: "ئەگەر بەربژێرێک بە بەهای سەرجەم ئەو پارەیەی وەک سپاردە دایناوە سزای پێبژاردن بدرێت، دوای ئەوە هەر سزایەکى پێبژاردنی هەبێت پێویستە بیدات."
 
ئەو 86 بەربژێرە لەسەر بنەمای سێ ماددەی رێکارەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن سزادراون، کە بڕگەی دوو لە مادەی دوو و مادەکانی 18 و 23ـی ئەو رێکارانە بوون.
 
ئەو مادانە تایبەتن بە سزاکانی دەستپێکردنی بانگەشە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی، هەڵواسینی پۆستەر و بڵاوکراوە بەناوی بەربژێر و بەر لە پەسندکردنی ناوی بەربژێران.
 
زۆرینەی ئەو بەربژێرە سزادراوانە لە لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بوون، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتی دەکات، ژمارەیان 24 بەربژێر بووە.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 3ـی تشرینی یەکەمی دیاریکردووە بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، کە تاوەکو 8ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشێک لەو مۆرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە

لە دەروازەیەکی عێراقدا دەست بەسەر 240 مۆری ناوی دەرماندا گیرا

لە دەروازەی سنووریی ترێبلی عێراق دەست بەسەر 240 مۆری ناوی دەرماندا گیرا، کە هەوڵ دەدرا لە رێگەیانەوە دەرمانی بەرهەمهێندراوی نێوخۆیی بکرێتە دەرمانی براندی جیهانی