لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 64 هەزار کەس مافی دەنگدانیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەیە

01-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان ناکرێت، بەڵام بۆ ئاوارەکان و دەنگدانی تایبەت 49 ناوەندی دەنگدان دەکرێنەوە؛ لە پارێزگای هەولێر 19 ناوەند؛ لە پارێزگای دهۆک 24 ناوەند و لە پارێزگای سلێمانیش 6 ناوەند.
 
زۆرترین دەنگدەری ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆکدان کە نزیکەی 40 هەزار دەنگدەرن؛ پاشان لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر 20 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ لە سلمانیش نزیکەی 4 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
 
حەیدەر محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنووری پارێزگای هەولێر 19 ناوەندی دەنگدان دەکرێنەوە؛ 20 هەزار و 515 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لە دەنگدەرانی هەولێردا 15 هەزار و 492 کەس لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە و 5 هەزار و 23 ئاوارەش مافی دەنگدانیان هەیە.
 
زۆرترین دەنگدەری ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کوردانی ئێزدین. خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنووری پارێزگای دهۆک 40 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە کە 99%یان کوردی ئێزدین.
 
خالید عەباس ئاماژەی بەوەکرد، بۆ دەنگدانی ئاوارەکانی سنووری نەینەوا 24 ناوەندی دەنگدان دەکرێنەوە و تێیاندا 96 وێستگەی دەنگدان دادەنرێن.
 
لە پارێزگای سلێمانی کەمترین ئاوارە مافی دەنگدانی هەیە. ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی لقی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە پارێزگای سلێمانی 3 هەزار و 815 ئاوارە مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەیە.
 
لە پارێزگای سلێمانی شەش ناوەند بۆ دەنگدانی ئاوارەکان کراونەتەوە؛ پێنجیان بۆ ئاوارەکانی عێراق کراونەتەوە و بنکەیەکیشیان تایبەتە بە ئاوارەکانی شنگال.
 
ئەمڕۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگانى عێراق دەستیپێکرد و ماوەى 45 رۆژ بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 لە سنوورى 15 پارێزگاى عێراق دەکرێت کە ئەرکى چاودێریى حکومەتى خۆجێی و هەڵبژاردنى پارێزگار دەبێت. 
 
ژمارەى کورسییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى ئەو 15 پارێزگایەى هەڵبژاردنیان تێدا دەکرێت 275 کورسییە کە 75یان کۆتای ژنانن؛ 10 کۆتاى دیکە بۆ پێکهاتەکانن، بەشێوەیەک کە لە بەغدا سێ کورسیی کۆتای کریستیان، سابیئەى مەندائی، کوردانى فەیلی هەن؛ لە نەینەوا سێ کورسی بۆ پێکهاتەکانى کریستیان، کوردانى ئێزدى، شەبەک هەن؛ لە هەردوو ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە و کەرکووک یەکى یەک کورسیى کۆتاى کریستیان هەیە؛ لە واست یەک کورسیى کۆتاى کوردى فەیلی هەیە؛ لە میسان یەک کورسیی کۆتای سابیئەى مەندائی هەیە. 
 
کورد لە ناوچە دابڕاوەکان بە لیستی جیا بەشداریی هەڵژاردن دەکەن و لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەدین و دیالە بەربژێری هەیە؛ هەروەها لە پارێزگای بەغدا کورد بە چەند بەربژێرێک لە لیستی جیادا بەشداری دەکات.
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافى دەنگدانیان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە