میلیشیایەکی عێراق شەڕی راگەیاند؛ 'ئاگربەست نییە، پاشەکشە نییە'

01-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەى نوجەبا، کە میلیشیایەکی عێراقە بانگەوازى دەستپێکردنى شەڕى لە عێراق راگەیاند، کە بەگوتەى ئەمیندارى گشتى بزووتنەوەکە شەڕەکە بۆ "ئازادکردنی عێراق"ـە.
 
رۆژی 1ـى تشرینى دووەمى 2023، ئەکرەم کەعبی، ئەمیندارى گشتیى بزوتنەوەى نوجەبا لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس (توویتەری پێشوو) بانگەوازى دەستپێکردنى شەڕى لە عێراق بڵاوکردەوە.
 
ئەکرەم کەعبى نووسیویەتی، "بەرگریى ئیسلامى لە عێراق بڕیاریداوە بەشێوەى سەربازی عێراق ئازاد بکات و پرسەکە یەکلابکاتەوە". کەعبی هەروەها نووسیویەتی: "راوەستان نییە، ئاگربەست نییە، پاشەکشە نییە".
 
بزووتنەوەى نوجەبا هێزێکى چەکدارى شیعەیە، کە ناوى بەرگرى ئیسلامى بزووتنەوەى نوجەبایە، زیاتر لە 10 هەزار چەکدارى هەیە، ساڵى 2016 ناوبانگى پەیداکرد کە لە عێراق لەدژى داعش و لە سووریا بۆ بەرگرى لە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، شەڕى دەکرد، بە یەکێک لەو میلیشیایانە دادەنرێت، کە دەگوترێت لەلایەن کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
 
ئەکرەم کەعبى، ئەمیندارى بزووتنەکەوە یەکێکە لە دامەزرێنەرانى سوپاى مەهدى سەر بە رەوتى سەدر، کەعبی بەر لە دروستکردنى بزووتنەوەى نوجەبا، لە عەسائیبى ئەهلى حەق جیابووەوە، کە ئەویش گرووپێکى سیاسی و چەکدارى شیعەى نزیک لە ئێرانە.
 
ئەو بانگەوازەى نوجەبا لە کاتێکدایە لە 18ـى تشیرینی یەکەمى رابردووەوە زیاتر لە 14 بە مووشەک و درۆن  هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانى ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان.
 
گروپى بەرگریی ئیسلامى لە عێراق، کە بەرپرسیارێتى ئەو ھێرشانەى گرتووەتە ئەستۆ و ئەو هەنگاوە دەبەستێتەوە بە پاڵپشتیکردنى ئیسرائیل لەلایەن سوپاى ئەمەریکاوە لە شەڕى غەززە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە