رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج خولی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا، ژمارەی کورسییەکانی کورد ناجێگیر بووە، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن کەمیان کردووە. شارەزایەکی هەڵبژاردنیش دەڵێت، "گۆڕانکارییەکان لە یاسای هەڵبژاردن و بازنەکان، لە قازانجی حیزبە گەورە شیعییەکان و زیانی کوردە."
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، نیگەرانییەکان لەبارەی کەمبوونەوەی نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا زیاد دەکەن.
بەراورد بە یەکەم خولی پەرلەمان لەدوای ساڵی 2003، نوێنەرایەتیی کورد بە رێژەی 3% کەمیکردووە و ئێستا تەنیا 19.1%ی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنێت.
لایەنە کوردستانییەکان و شارەزایان هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیە بۆ هەموارکردنەوەی بەردەوامی یاسای هەڵبژاردن دەگەڕێننەوە، کە پێیانوایە بە زیانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە شکاوەتەوە.
هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی عێراق بۆ یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023، کە هەڵبژاردنی ئەمجارەی لەسەر بەڕێوەدەچێت، عێراقی کردووەتە 18 بازنەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگاکان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی 2021دا 83 بازنە هەبوون و کورد لێی سوودمەند بوو. سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکیدا یاساکەی بە "نادادپەروەرانە" وەسفکرد و جەختی لەوە کردەوە، "دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕدرێت."
"ئەگەر پێداچوونەوە بکرێت هەرێمی کوردستان 4 کورسیی بۆ زیاد دەبێت"
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان ئەوەیە کە دابەشکردنی کورسییەکان پشتی بە ئاماری پسوولەی خۆراکی ساڵانی پێشوو بەستووە، نەک سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024.
جەعفەر ئێمینکی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، "پسوولەی خۆراک دەستکاریی زۆری تێدا کراوە. ئەگەر پێداچوونەوە بکرێت، هەرێمی کوردستان چوار کورسیی زیاتر دەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگای هەڵەبجە وەک بازنەیەکی سەربەخۆ هەژمار نەکراوە.
بەپێی بەدواداچوونێکی دێسکی هەڵبژاردنی تۆڕی میدیایی رووداو، رێژەی نوێنەرایەتیی کورد لە ساڵی 2005دا 22.79% بووە، بەڵام لە ساڵی 2021 بۆ 19.14% دابەزیوە.
ژمارەی کورسییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان بەگوێرەی هەڵبژاردنەکان:
ساڵی 2005 - یەک بازنەیی
78 کورسی
ساڵی 2005 - یەک بازنەیی
58 کورسی
ساڵی 2010 - فرە بازنەیی
60 کورسی
41 کورسی هەرێمی کوردستان+19 کورسی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
ساڵی 2014
62 کورسی
44 کورسی لە هەرێمی کوردستان + 18 کورسی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
ساڵی 2018
57 کورسی
39 کورسی لە هەرێمی کوردستان + 18 کورسی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
ساڵی 2021
63 کورسی
39 کورسی لە هەرێمی کوردستان + 24 کورسی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
د. ئارام برادۆستی، شارەزای هەڵبژاردن و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ههولێری كۆمیسیۆنی ههڵبژاردنهكانی هەرێمی کوردستان، لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال قسەی کرد و لەوبارەوە گوتی، "یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە کە لە 2005ـەوە تاوەکو ئێستا هەر هەڵبژاردنێک کرابێ، یان یاساکە هەموار کراوەتەوە یانیش یاسای هەڵبژاردن هەڵوەشێنراوەتەوە و کار بە یاسایەکی دیکە کراوە، ئەمە هەمیشە وایکردووە کە پارتە سیاسییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن پێگەن ترسیان هەبێت و کورسییەکانیان بە جێگیری نەبینن."
زیادکردنی نیو ملیۆن دەنگ و کەمبوونی 20 کورسی
ئارام برادۆستی دەڵێت، "هەمیشە لە هەڵبژاردندا، پارت و هاوپەیمانییەکان کورسییان زیاد و کەم دەکات، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە نائاسایین، چونکە گۆڕانکارییەکان بە خواستی حیزبە شیعە گەورەکانن."
لە 2005دا کورد 78 کورسیی لە پەرلەمانی عێراق هەبوو، بەڵام لە کۆتایی هەمان ساڵدا ژمارەکە بۆ 58 کەمبووەوە، "لەبەرئەوەی لە 2005 عێراق هەمووی یەک بازنە بوو، بەڵام لە کۆتایی هەمان ساڵ کورد 58 کورسیی هێنا. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی دووەم کورد 500 هەزار دەنگیش زیادی کردبوو."
کاتێک کورد 78 کورسیی هێنا، پەرلەمان 275 کورسی بوو، بەڵام کاتێک 58ی هێنا، پەرلەمان ببووە 320 کورسی، واتە کاتێک کورسی زیاد دەکات، دەبێ پشکی کوردیش زیاد بکات، بەڵام پێچەوانەکەی روویدا.
ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن دەڵێت: "حیزبە کوردستانییەکان لە بەسرە، بەغدا، دیالە و هەندێ بازنەکانی دیکە دەنگیان هەیە، بەڵام ئەو فرە بازنەییە دەنگەکان پەرت دەکات، چونکە ئەوانە [حیزبە عێراقییەکان] دەنگیان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوورە و زیانی بۆ ئەوان نابێت."
لە هەڵبژاردنی 2025 کورد چەند کورسی دەباتەوە؟
بە گوتەی ئارام برادۆستی، "لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکانی کورد لەنێوان 58-63 دەبێت، هەرێمی کوردستان 44 کورسیی جێگیری هەیە، ئەوی دیکەی دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەو ناوچانە ژمارەی کۆتایی کورسییەکانی کورد دیاری دەکەن."
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ئارام برادۆستی، لە دابەشکردنەکە کە عێراق کراوەتەوە 18 بازنە، "ستەم لە کورد کرا، لەوەش کە 44 کورسی بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە دیسان ستەم لە کورد کراوە، چونکە بەڕاستی هەرێمی کوردستان شایانی 48 کورسییە."
بەپێی سەرژمێری، ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیکەی 46.5 ملیۆنە، ئەگەر کورسییەک بەرامبەر 100هەزار کەس بێت، دەبێ ژمارەی کورسییەکان 465 بێت و هەرێمی کوردستانیش 65 کورسی هەبێت (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ