شاندێکى سەربازى بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی شەوی رابردوو گەیشتە دیالە

01-12-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکى سەربازى بە سەرۆکایەتیی جێگرى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق گەیشتە دیالە، بۆ لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکەى شەوى رابردوو، کە بەهۆیەوە 10 کەس کوژران. گوتەبێژى پۆلیسی شارەکە دەڵێت، "لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە پێکهێندراوە و تاوەکو ئێستا نەزانراوە کێ لەپشت ھێرشەکەوەیە".
 
ئەمڕۆ هەینى، 1ـی کانوونى یەکەمى 2023، شاندێکى سەربازى بە سەرۆکایەتى فەریق روکن، قەیس محەممەداوى، جێگرى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق گەیشتە پارێزگاى دیالە و لەگەڵ بەرپرسانى ئەمنى پارێزگاکە کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى هێرشەکەى شەوى رابردووى ئەو شارە.
 
شەوى رابردوو لە نزیک گوندی عیمرانییەی ناحیەی وەجیهیەى دیالە، هێرشکرایە سەر ژمارەیەک هاووڵاتى و بەهۆیەوە 10 کەس کوژران و ژمارەیەکى دیکەش بریندار بوون.
 
رۆژی 1ـی کانوونى یەکەمى 2023، عەقید هەیسەم جبووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو شاندە سەربازییە بەمەبەستى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و چۆنێتى دووبارە بڵاوکردنەوەى یەکە سەربازییەکان گەیشتوونەتە دیالە. 
 
هەیسەم جبوورى گوتیشى، "لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێکهێندراوە تاوەکو ئێستا نازانرێت کێ لەپشت هێرشەکەوە بووە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە