عێراق
خۆپێشاندانی ژمارەیەک هاونیشتمانی لە سنووری رانیە بەهۆی خراپیی رێگەکەیانەوە. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر ئەم هەواڵە دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 540 گوند لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکانی "سندووقی کۆمەڵایەتی بۆ گەشەپێدان" سوودمەند بوون و پێشبینیش دەکات تاوەکو ساڵی 2026 سەرجەم پڕۆژەکانی سندووقەکە تەواو ببن.
رۆژی یەکشەممە، 30-11-2025، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، سندووقی کۆمەڵایەتی بۆ گەشەپێدان کە بە قەرزێکی 300 ملیۆن دۆلاریی بانکی نێودەوڵەتی لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2017 دامەزراوە، بە میکانیزمێکی نوێ کاردەکات کە پشت بە "پلاندانان لە خوارەوە بۆ سەرەوە" دەبەستێت.
بە گوتەی هینداوی، لەم سندووقەدا دانیشتووانی گوندەکان خۆیان بڕیار دەدەن چ پڕۆژەیەکیان پێویستە و بەپێی داواکاری و پێداویستیی ئەوان پڕۆژەکان دیاری دەکرێن، نەک بە بڕیاری سەرووی خۆیان.
ئامانجی سندووقەکە خزمەتکردنی گوند و ناوچە هەژارنشینەکانی هەر 18 پارێزگاکەی عێراق و هەرێمی کوردستانە. قۆناخی یەکەم لە سێ پارێزگای (دهۆک، موسەننا و سەڵاحەدین) دەستیپێکرد و دوای سەرکەوتنی ئەزموونەکە، کارەکان فراوانتر کران بۆ سەرجەم پارێزگاکان.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکان بریتین لە دروستکردنی قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، راکێشانی تۆڕەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا، لەگەڵ کردنەوە و قیڕکردنی رێگەکان.
عەبدولزەهرە هینداوی گوتی: "نزیکەی 600 پڕۆژە لە گوندە جیاوازەکاندا جێبەجێکراون، کە بوونەتە هۆی دابینکردنی دەیان هەزار هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە، جگە لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە حکومەت."
سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی کارەکانی سندووقەکە، بەرپرسەکەی وەزارەتی پلاندانان پێشبینی دەکات هەموو ئەو پڕۆژانەی ئێستا لەژێر جێبەجێکردندان، لە ماوەی ساڵی 2026ـدا تەواو ببن و بەوەش پلانی سندووقەکە بەتەواوی کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ