رووداو دیجیتاڵ
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە، تێیدا چەند مەرج و هەڕەشەیەک ئاراستەی ئەمریکا و لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق دەکات. دەشڵێت، "دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بەبێ رەزامەندیی مقاوەمە نابێت."
شەممە 7ی ئازاری 2026 ئەبو عەلی عەسکەری لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلیگرام، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، "پێویستە ئەمریکییەکان لەوە تێبگەن کە خوێنی ئیمام خامنەیی دەرگای تەمبێکردن و نەهێشتنی ئاسایشیانی کردووەتەوە، ئەرکی لەپێشینەی مقاوەمەی عێراقیش دەرکردنیانە لە وڵات."
سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، عەسکەری رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، "رەفتارەکانی ترەمپ لەسەر پەلەپەل و دەستکەوتی کاتی بونیادنراون، بەرگەی شەڕی درێژخایەن ناگرێت، ئەوەش ناچاری دەکات پلانەکانی بگۆڕێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بەرپرسە ئەمنییەکەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق ئاماژەی بە پرسی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کرد و رایگەیاند، "دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو بە هیچ شێوەیەک نابێت، مەگەر بە پەنجەمۆری مقاوەمەی ئیسلامی بێت، دەبێت بڕیارێکی نیشتمانی بێت و بەدوور بێت لە ئیدارەی شەڕی ئەمریکا."
هەروەها پشتگیریی خۆی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دەربڕی و هەڕەشەی لەو لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییانەش کرد کە دژی ئەوان وەستاونەتەوە و گوتی، "تۆماری هەموو ئەو هەڵوێستانەمان لایە کە دژایەتیی ئوممە دەکەن لەم شەڕەدا، هەر کەسێک بە زمان یان بە دەست هێرشمان بکاتە سەر، هەڵوێستێکی تووند و یەکلاکەرەوەمان بەرامبەری دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ