رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی دۆسیەی ژینگە جەخت لە گرنگیی کارکردن و هاوئاهەنگیی هاوبەش دەکاتەوە بۆ دانانی چارەسەری کورت و درێژمەودا و بڕیاریدا چالاکییەکانی تیمی چارەسەریی پیسبوونی هەوا زیادبکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 1-12-2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ بەدواداچوونی رەوشی ژینگەیی لە بەغدای پایتەخت و ژمارەیەک شاری دیکە، بە ئامادەبوونی وەزیری ژینگە، پارێزگاری بەغدا، بریکارانی وەزارەتەکانی کارەبا و پیشەسازی، ئەمیندارێتیی بەغدا و فەرماندەی پۆلیسی ژینگە. گوێبیستی وردەکاریی دۆسیەکان و راپۆرتی بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بوو سەبارەت بە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، سوودانی جەختی لە "گرنگیی کار و هاوئاهەنگیی هاوبەش بۆ چارەسەری کورت و درێژمەودا بۆ دۆسیەی ژینگە کە پەیوەستە بە ئاسایشی ئابووری و گەشەپێدانەوە" کردەوە و بڕیاریدا بە زیادکردنی چالاکییەکانی تیمی چارەسەریی پیسبوونی هەوا، بەدواداچوون بۆ شوێنە سەرەکییەکانی ژێرخاککردنی زبڵ و پاشماوەکان، گرتنەبەری رێکاری یاسایی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی پیسبوون، بە مەرجێک تیمەکە هەفتانە راپۆرتێک سەبارەت بە ئەنجامی کارەکانیان و لێکەوتەکانی پیسبوونی هەوا پێشکێش بکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە وەزارەتی ژینگە، ئەمیندارێتیی بەغدا و بەڕێوەبەرایەتییە بەرپرسەکان کرد هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە و پێداویستییە یاسایی، ئیداری، تەکنیکی و داراییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکان دابین بکەن. هەروەها جەختی کردەوە لە کاراکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە بواری ژێرخاککردن و دووبارە بەکارهێنانەوەی زبڵ، کاراکردنی ئەو پلانانەی دانراون بۆ چارەسەری پیسبوونی هەوا و ئاوی رووبارەکان، جگە لە دۆسیەی پێوەرەکانی ئەدای ژینگەیی، پاڵپشتیکردنی پۆلیسی ژینگە و چارەسەرکردنی دۆسیەی مین.
سوودانی، چارەسەری ریشەیی و گرتنەبەری رێڕەوێکی روونی بەپێویست زانی بۆ کاری ژینگەیی لەگەڵ بەهێزکردنی چاودێری، بەتایبەتی لەژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا و روونی کردەوە ئەو هەوڵانە تەنیا لە ئەستۆی وەزارەتی ژینگە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان نین، بەڵکو دەبێت سوود لە توانای کۆمەڵگە و دەستپێشخەریی گەنجان وەربگیرێت بۆ بەشداریکردن لە دۆزینەوەی چارەسەرەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی هۆکارەکانی پیسبوون لە بەغدا و پارێزگاکان کرا، کە بریتی بوون لە: شوێنەکانی ژێرخاککردنی زبڵ، کارگەکانی خشت، پاڵاوتنی نەوت، کوورەی توانەوەی کانزاکان، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، مۆلیدە ئەهلییەکان، دووکەڵی ئۆتۆمبێل، وێستگەکانی سووتەمەنی و کۆگا گەورەکان، لەگەڵ سووتاندنی زبڵ و پاشماوەکان.
سەبارەت بە پیسبوونی هەوای بەغدا، هەریەک لە لوئەی موختار، گوتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق و عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 1-12-2025، لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هۆکار و وردەکارییەکانیان خستەڕوو.
لوئەی موختار ئاماژەی بەوەکرد ئەوەی بەغدا بەخۆوەبینیوە، تەنیا بۆنی گۆگرد نییە، بەڵکو "تەمەدووکەڵ"ـە کە بەهۆی دیاردەی "هەڵگەڕانەوەی گەرمی" و وەستانی باوە دروست بووە؛ ئەمەش وایکردووە دووکەڵی کارگە و ئۆتۆمبێلەکان لە چینی نزیک زەوی قەتیس ببن و بەرز نەبنەوە. هەروەها زیاتر لە 10 هەزار چالاکیی پیشەسازی لە بەغدا هەن و تیمەکانیان بەردەوامن لە سزادان و داخستنی شوێنە سەرپێچیکارەکان.
عامر جابری، لە دەستەی کەشناسی، جەختی لەوە کردەوە کە پیسبوونەکە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری کەڵەکەبووە، وەک زۆریی کارگەکانی خشت و توانەوە (بە تایبەت لە نەهرەوان)، سووتاندنی زبڵ لە نزیک سەنتەری شار، قەرەباڵخیی هاتووچۆ و بوونی پاڵاوگەکان لە ناو شاردا. ئاشکراشی کرد کە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە گرتنەبەری ڕێکار کردووە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونەکە.
بەگوێرەی هەردوو سەرچاوەکە، هۆکارە سەرەکییەکان بریتین لە:
1- پاڵاوگەی دۆرە و وێستگەکانی کارەبا.
2- کارگەکانی قیر، خشت و توانەوەی کانزا.
3- سووتاندنی زبڵ و خاشاک.
4- دووکەڵی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ