رووداو دیجیتاڵ
شوان داودی، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر دەکات. بە گوتەی خۆی، قسەی لەگەڵ لایەنەکاندا کردووە.
ئەمڕۆ 2ی کانوونی دووەمی 2025، شوان داودی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ناوی وەک بەربژێر لە پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە بۆ رێکاری هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و رۆژی یەکشەممە 4ی کانوونی دووەم بە فەرمی بەڵگەنامەکانی بەربژێربوونی پێشکێش دەکات."
لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بە فەرمی دەرگەی خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کردەوە و تاوەکو 5ی کانوونی دووەمی 2026 پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.
شوان داودی ئاماژەی بەوە دا، وەک کەسێکی سەربەخۆ خۆی بەربژێر کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش قسەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا کردووە.
دیارترین مەرجەکانی بەربژێری سەرۆکککۆمار ئەوەیە: هاووڵاتیی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت، تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت، لانیکەم بڕوانامەی زانکۆی هەبێت، پێشینەی تاوانی نەبێت و یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرتبێتەوە.
شوان داودی خەڵکی پارێزگای کەرکووکە و ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق بووە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژ لە ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت. ئەم خولەی پەرلەمان لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ