رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان رایگەیاند، "کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە سەربازگەی عەین ئەسەد، هەنگاوێکی گرنگە و ئاماژەیە بۆ رۆیشتن بەرەو قۆناخێکی هاوسەنگتر لە بەرەوپێشبردنی دۆسیەی ئەمنی." دەشڵێت، "گەیشتن بەو قۆناخە بەهۆی پەنابردنى حکومەت بووە بۆ رێکاری دیالۆگ و دانوستاندنی بەرپرسیارانە، دوور لە درووشم و هەڵوێستی کاردانەوەیی."
هەینی 2ی کانوونی دووەمی 2026 فیراس مەسلەماوی، گوتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە سەربازگەی عەین ئەسەد و سەربازگەکانی دیکە و، رادەستکردنی تەواوەتییان بە هێزە چەکدارەکانی عێراق، هەنگاوێکی گرنگە بۆ چەسپاندنی سەروەریی نیشتمانی و زیادبوونی متمانە بە دامەزراوە سەربازی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق."
گوتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە، کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات، ئەوەشی خستەڕوو،"ئەو هەنگاوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق بەرەو قۆناخێکی هاوسەنگتر دەچێت لە بەرەوپێشبردنی دۆسیە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای هاوبەشی، کە لەسەر هاریکاری و یەکدی تەواوکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بونیاتنراوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندیی باڵای عێراق و پێویستییەکانی سەقامگیریی هەرێمی یەکبگرێتەوە."
لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 فەریق روکن قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەفتەی داهاتوو بنکەی عەین ئەسەد بە تەواوی رادەستی هێزە عێراقییەکان دەکرێتەوە."
ئەو بنکەیە لە پارێزگای ئەنبارە و بەدەست هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوەیە.
مەسلەماوی باسی لەوەش کرد، "گەیشتن بەو قۆناخە بەهۆی پەنابردنى حکومەت بووە بۆ رێکاری دیالۆگ، دانوستاندنی بەرپرسیارانە و دەستگرتن بە رێگەچارەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتن، دوور لە درووشم و هەڵوێستی کاردانەوەیی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ