لە عێراق 'پارێزەرى بێ بەرامبەر' دابین دەکرێت

02-02-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
  
ناوەندێک لە عێراق دروست دەکرێت بۆ ئەوەى بەبێ بەرامبەر پارێزەر بۆ ئەو کەسانە بگرن کە کێشەی یاساییان لە دادگەکان هەیە و تواناى گرتنى پارێزەریان نییە. ئەو هاوکارییە قوربانیانى دەستدرێژیی سێکسى و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و پەناهەندە و ئاوارە و خاوەن پێداویستى تایبەت و چەند چین و توێژێکى دیکە دەگرێتەوە. 
 
رۆژی 30ى کانوونى یەکەمى 2024، پەرلەمانى عێراق یاساى هاوکاریی یاسایی پەسند کرد کە تایبەتە بە هاوکاریکردنى ئەوانەى توانایان نییە پارێزەر بگرن. بۆ ئەو مەبەستە لەنێو کۆمیسیۆنى باڵاى مافەکانى مرۆڤ ناوەندى هاوکاریی یاسایی دروستدەکرێت و لە سەرجەم نووسینگەکانى ئەو کۆمیسیۆنە پارێزگاکان ئەو ناوەندە نوێنەرى دەبێت.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێشتر گرتنى پارێزەر بۆ تۆمەتباران لەلایەن دادگەوە دەکرا بەگوێرەى رێنمایی بوو، ئێستا ئەو هەنگاوە کراوەتە یاسا. 
 
بەگوێرەى یاساکە ئەو کەسانەى کێشەى یاساییان هەیە بەبێ بەرامبەر پارێزەریان بۆ دەگرن، کە بریتین لە  قوربانیانى تووندوتیژیی خێزانى، ئەوانەى یاساى پاراستنى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە، ئەوانەى لە خانە جیاوازەکانى حکومەتدا دەژین، ئاوارە و کۆچپێکراوان، ژنە شەهید، نەوجەوانان و بەو قوتابیانەشەوە کە هاوسەرگیرییان نەکردووە.
 
یاساکە چەندین چین و توێژی دیکە دەگرێتەوە، بەڵام بەر لەوەى هاوکاری بکرێن لێکۆڵینەوە دەکرێت تاوەکو دڵنیایی هەبێت لەوەى کە تواناى داراییان نییە، بۆ ئەوەى لەلایەن ناوەندەکەوە پارێزەریان بۆ بگیرێت کە بریتین بە قوربانیانى تاوانى سێکسی، قوربانیانى بازرگانیی بە مرۆڤەوە، ئەو منداڵانەى لەژێر مەترسیدان، پەناهەندەکان، خاوەن پێداویستى تایبەت، بەوانەشەوە کە بەهۆى جەنگ و هێرشە تیرۆیستییەکانەوە کەمئەندام بوون.
 
لە یاساکەدا هاتووە کە پارەى پارێزەر لەلایەن ناوەندى هاوکارى یاسایی دەدرێت لە برى ئەوەى ئەو کەسە بیدات کە لە دادگە بەرگری لێ دەکەن. 
 
دارا سێکانیانى گوتى: "بڕى ئەو پارەیەى، کە لەلایەن ناوەندەکەوە دەدرێتە پارێزەران بەگوێرەى دۆسیەکە لەدادگە دەگۆڕێت، ئەوە دواتر رێنمایی بۆ دەردەکرێت".
 
ئەنجوومەنى هاوکارى یاسایی بەگوێرەى ئەو یاسایە دادەمەزرێت، کە لەلایەن جێگرى سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، بەڕێوەبەرى سەنتەرەکە جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنەکە دەبێت، ئەندامەکانى دیکەى پێکدێن لە نوێنەرانى ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران، وەزارەتەکانى دارایی، داد، لەگەڵ سەندیکاى پارێزەران، رێکخراوە ناحکومییەکان، کە ئەگەر ئەو ئەندامانە فەرمانبەر نەبوون، مانگانە 250 هەزار دیناریان وەک پاداشت پێدەدرێت.
 
دەرکردنى ئەو یاسایە لەکاتێکدایە کە هێشتا کۆمیسیۆنى نوێى مافى مرۆڤ لەلایەن پەرلەمان پێکنەهێندراوە، سەرەڕاى ئەوەى سى ڤى بۆ ئەندامێتى ئەنجوومەنەکە وەرگیراوە. لە ساڵى 2021ـەوە کارەکانی ئەو کۆمیسیۆنە سڕکراون و تەنیا نووسینگەکانى لە پارێزگاکانى عێراق کار دەکەن.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە