کۆمیسیۆن کاتی دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان ئاشکرادەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: "هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشی یەکەمی شایستە داراییەکانی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان لە 7 پارێزگا دەکرێ". 
 
رۆژی دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا رێکارى دابەشکردنى پارەى کارمەندانى سەر سندووقى دەنگدانى 7 پارێزگامان لەڕێگەى ڤیزەکارتەوە تەواو کردووە و هەفتەی داهاتووش لەڕێگەی بانکی رافیدەینەوە پارە دەخەینەسەر کارتەکەیان."
 
بڕیارە شایستە داراییەکانی کارمەندانی سەر سندووق کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداربوون، بە چەند قۆناخێک و لە رێگەی کارتە بانکییەکانیانەوە بخرێتە سەر هەژمارەکانیان.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن دڵنیایی دایە کارمەندانی سەر سندووق لە سەرجەم پارێزگاکان و گوتی: "دوای تەواوبوونی دابەشکردنی بڕی یەکەم، بەردەوام دەبین لە دابەشکردنی ئەوانى دیکە لە سەرجەم پارێزگاکان."
 
مووچەی ئەو کارمەندانە بەپێی ئەرکیان جیاوازە و سێ جۆرە: سەرپەرشتیارانی بنکەی دەنگدان 400 هەزار دینار وەردەگرن، بەڕێوەبەری وێستگە 300 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 200 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەرن و سەرپەرشتیاری بنکەی دەنگدان بوون 300 هەزار دیناریان دەدرێتێ، بەڕێوەبەری وێستگە 200 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 150 هەزار دینار وەردەگرن.
 
بەگوتەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کارمەندی یەدەگیش کە لە هەموو پارێزگایەک دانرابوون بۆ دۆخی پێویست و ئەوانیش پارە وەردەگرن.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، 253 هەزار کەس وەک کارمەندی سەر سندووقی دەنگدان کاریان کرد کە 34 هەزاریان لە هەرێمی کوردستان بوون.
 
دەنگدانی تایبەت لە 9ـی تشرینی دووەم و دەنگدانی گشتیش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەچوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە