رووداو دییجیتاڵ
هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین و دەنگی گەورە لە نزیک بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای کەرکووک بیستراوە.
یاسین محەممەد عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین، لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کراوەتە ئامانج."
بەگوێرەی ئەو دیمە ڤیدیۆیانەی بڵاوبووەتەوە دووکەڵ لە بنکەکە بەرزدەبێتەوە. هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن بە دوو درۆن بنکەکە کراوەتە ئامانج، بەڵام هێشتا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە درۆن یان مووشەک بووە.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، لەو بنکەیەدا هێزێکی ئەمریکی لێیە، بەتایبەتی یەکەی ئەندازیاریی فڕۆکەوانی بۆ چاککردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (F-16)ی عێراقی کار دەکەن.
هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشە، میدیاکانی حەشدی شەعبی بڵاویانکردەوە، لە ناوچەی بەشیر لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بارەگایەکی لیوای 16ی حەشدی شەعبی کراوەتە ئامانج.
تاوەکو ئێستا بە فەرمی قەبارەی زیانەکانی ئەو دوو هێرشە و لایەنی پشت هێرشەکان رانەگەیێندراون.
پۆلیسی پارێزگا کەرکووک لەلێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رەتیکردەوە، ئەمریکا گوندی بەشیری کردبێت ئامانج و گوتی، ئەوەی کەوتووەخوارەوە پاشماوە مووشەک بووە.
هاوکات، هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک راگەیاند، بەگوێرەی زانیاری سەرەتایی لە گوندی بەشیر لە باشووری کەرکووک، دەنگێکی گەورە بیستراوە، دوای گەیشتنی تیمێکی تایبەت دەرکەتووە، پارچە مووشەکێک لە نزیک بارەگاکانی لیوای 16ی حەشدی شەعبی کەوتووەتەوە.
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، لیوای 16 تورکمانی شیعە مەزهەبن و بەهۆی رێکارە ئەمنییەکانەوە زۆربەی بارەگەکانیان چۆڵکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ