رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەوروپا کە فراوانبوونی بازنەی شەڕ و گەیشتنی بە وڵاتانی کەنداو، بازاڕی وزە لە جیهاندا پەکدەخات و ئابووریی ئەورووپا تووشی تەنگژەی گەورە دەکات. دەشڵێت: "ئێران بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هەولێر."
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مارگۆس تساھکنا، وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا پێگەیشت و تێیدا پەرەسەندنەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی بۆ سەر عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە پەیوەندییەکەدا بە راشکاوی باسی لە هێرشەکانی سەر خاکی هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە: "ئێران بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی شاری هەولێر."
وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەرامبەردا لایەنەکەی دیکەی نێو ململانێکە هێرش دەکاتە سەر پێگەکان لە باشوور و رۆژئاوای عێراق، ئەمەش ئاستەنگە ئەمنییەکانی بۆ سەر وڵاتەکە چەند هێندە کردووە.
فوئاد حوسێن تیشکی خستووەتە سەر مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی شەڕ بۆ ناوچەی کەنداو و هۆشداریی تووندی داوەتە وڵاتانی ئەورووپا. رایگەیاندووە، هەڵگیرسانی شەڕ لەو ناوچەیە دەبێتە هۆی پچڕانی بڕێکی زۆری نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهان.
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: "ئەمە نرخەکان بەرز دەکاتەوە و بازاڕی وزە پەکدەخات، بەو هۆیەشەوە ئابووریی جیهان و ئەورووپا دوچاری ئاڵۆزی و تەنگژەیەکی گەورە دەبن."
سەبارەت بە پێگەی بەغدا لەم ململانێیانەدا، فوئاد حوسێن گوتی: "عێراق لایەنێک نییە لە شەڕەکەدا،" بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە پێگە جوگرافییەکەی وایکردووە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ئێستا وڵاتەکەی یەکێکە لە زیانلێکەوتووانی سەرەکیی ئەم ململانێیانە.
وەزیری دەرەوەی عێراق داوای کرد هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕ چڕتر بکرێنەوە.
جەنگی ئەمجارە رۆژی 28ی شوبات بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، ئێرانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکەی دایەوە، تاوەکو ئێستا چەندین هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان. هەروەها گرووپە چەکدارەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ ئێران راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ